‌جەڵدەی دڵ و مردنی کتوپڕ لەناو گەنجاندا زۆر بووە

وێستگە ستایل-

حاڵەتەکانی وەستانی کتوپڕی دڵ لەگەڵ جەڵدەی دڵ لەناو گەنجان زۆر زیادی کردووە، بەشێک لە نەخۆشەکان دەستبەجێ پاش ئەوەی توشی جەڵدەی دڵ یان مێشک دەبن گیان لەدەست دەدەن.

زیادبوونی ئەم حاڵەتانە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ پسپۆڕان چونکە پێشتر ئەمانە نەخۆشی و حاڵەتی کتوپڕی ناو کەسانی بەتەمەن بووە، بەڵام ئێستا بۆتە هۆکاری گیان لەدەستدانی گەنجان، هەروەها ئەوەی زۆر جێگای مەترسییە گرفتەکە بەبێ هەبوونی نیشانەیەکی پێشوەخت ڕوودەدات کە ڕەنگە تەنها هەستکردن بەماندوێتی و ئازارێکی ساددە لەسنگدا بگۆڕێت بۆ وەستانی کتوپڕی دڵ.

دکتۆر جەمال پزیشکە و باس لەوە دەکات لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن ڕێژەی گەنجان لەچاودێری چڕ بەهۆی جەڵدەی دڵ و مێشک بەدیاریکراوی ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 20-30ساڵدایە %30 زیاد بووە.

ئەم پزیشکە باس لەوەش دەکات هۆکاری بەربڵاوی ئەم حاڵەتە لەناو گەنجاندا لەئێستادا بۆماوەیی نییە بەڵکو سیستمی نوێی ژیانکردنە لەوانەش کەمخەوی(لە کاتێکدا بۆ تەندروستی دڵ نوستن  بەلایەنی کەمەوە 5-6 کاتژمێر پێویستە)، تەمەڵی و پشت بەست بە ئامێرەکانی تەکنەلۆجیا و کەمی جوڵەی جەستەیی و کێشانی جگەرە و بەکارهێنانی هۆرمۆن هەموو ئەمانە تەندروستی دڵ دەخەنە مەترسییەوە. 

ئەم پزیشکە ئاگایی دەداتە گەنجان کە بەکارهێنانی تەواوکارە خۆراکیەکان بۆ وەرزشکردن هۆکارە بۆ سستبونی دڵ و گورچیلە،  هاوکات خەم وخەفەت و پەستانی زۆری ژیان هۆکارێکی دیکەی وەستانی کتوپڕی دڵە.

هەرکاتێک بە کتوپڕ هەستت بە ئازاری سنگ و توندی هەناسە و ئارەقکردنەوەی کتوپڕ و مێرولەکردن و سستبوونی لایەکی جەستە کرد زوو سەردانی پزیشک بکە ڕەنگە نیشانەی جەڵدەبێت.


PM:04:16:25/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌