‌توێژینەوەیەک ڕێگایەکی ئاسان بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە خەڵەفان دیاری دەکات

وێستگە ستایل-

ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە دابەزینی ئاستی کۆلسترۆڵ لە خوێندا %26 مەترسی توشبوون بە خەڵەفان کەمدەکاتەوە ئەوەش هەنگاوێکی باشە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشییەکی بێ چارەسەر.

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئەو کەسانەی ئاستی کۆلیسترۆلی خراپ  LDL-C لە خوێنیاندا کەمە ئەوە ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی خەڵەفان بە گشتی و زەهایمەر بە تایبەتی کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە ئاستی ئەم کۆلیسترۆڵە لەخوێنیاندا بەرزە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک گۆڤاری "گاردیان" ی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین جگە لەوەی کۆلیسترۆلی زیانبەخشی خوێن دادەبەزێنێت، یارمەتی کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە خەڵەفان و زەهایمەریش دەدات.

پێشبینی دەکرێت تێکڕای توشبوون بە خەڵەفان هەتا  ساڵی 2050 بگاتە 153 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا، بەڵام ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە سەلماندویەتی دەکرێت ئەم ڕێژەیە بکرێتە نیوە یان توشبوون پێی دوابخرێت.

کۆلیسترۆلی زیانبەخش هۆکارە بۆ تۆپەڵبوونی چەوری لەناو مولولەکانی خوێن کە بە هۆیەوە مەترسی جەڵدەی دڵ و مێشک و توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، ئەنجامی ئەم توێژینەوە نوێیەش سەلماندویەتی کۆلیسترۆلی زیان بەخش مەترسی نەخۆشی زەهایمەر و خەڵەفان زیاد دەکات .


PM:12:59:20/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌