‌مەترسییەکانی چوونەژوورەوەی بەردی زراو بۆ ناو جۆگەی سەرەکی زراو

وێستگە ستایل-

بەردی زراو یەکێکە لە حاڵەتە باوە پزیشکییەکان کە پێویستی بە چارەسەرکردن یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری هەیە لە هەندێک حاڵەتدا، لە 10%ی حاڵەتەکاندا بەردەکان لە ڕێڕەوی زراو تێدەپەڕن و لە ڕێڕەوی سەرەکی زراودا جێگیر دەبن، لە هەندێک حاڵەتدا بەردەکان بچووکن و بە بێ کێشەی ئەوتۆ ڕێڕەوی خۆیان بەرەو کۆئەندامی هەرس دەگرن.

بەڵام ئەگەر بەردێکی گەورە لەم ڕێڕەوەدا دروست بێت، ئەوا دەکرێت ببێتە هۆی گیرانی ڕێڕەوی زراو و گەڕانەوەی شلەی زراو بۆ ناو جگەر، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی مەترسیدار، وەک:

1- سەرەتا هەوکردن لە ڕێڕەوەکانی زراودا ڕوودەدات و ئەم هەوکردنەش بۆ جگەر بڵاودەبێتەوە.
2- هەروەها، گیرانی زەردویی ڕوودەدات کە دەکرێت زیان بە جگەر و گورچیلە و مێشک بگەیەنێت.
3- لەبەر ئەوەی ڕێڕەوی پەنکریاسیش دەڕژێتە ڕێڕەوی سەرەکی زراو، ئەوا ئەگەری هەوکردنی پەنکریاسیش هەیە کە ئەمەش یەکێکە لە حاڵەتە زۆر مەترسیدارەکان.

زیادبوونی هەوکردنەکان لەم ڕێڕەوانەدا لەگەڵ دواکەوتنی چارەسەرکردن، دەکرێت ببێتە هۆی گواستنەوەی میکرۆبەکان و ژەهرەکانیان بۆ ناو سووڕی خوێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خوێن (Septicemia) و ڕەنگە دواتر ببێتە هۆی شۆکی ژەهراوی (Septic Shock) کە دەبێتە هۆی مردن، هەربۆیە نابێت چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتانە دوابخرێت و پێویستە بە خێرایی چارەسەر بکرێن. 


PM:03:23:13/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌