پسپۆڕان لەبارەی تەواوکەری خۆراکی مەگنسیۆم ئاگای دەدەن
وێستگە ستایل-
لەم ساڵانەی دوایدا مەگنسیۆم وەک چارەسەرێکی جادووی بۆ ئازاری جومگە و ماسولکە ڕیکلامی بۆ دەکرێت بەڵام ڕاستییەکی زانستی باس لەوە دەکات ئەوە تەنها دەنگۆ و ڕیکلامە لەڕاستیدا جەستە بەبڕی پێویست ئەم پێکهاتەیەی لە خۆراکەوە دەستدەکەوێت و پێویست بە وەرگرتنی ناکات.
مەگنسیۆم یەکێکە لەپێکهاتە پێویستەکان بۆ لەش کە ڕۆڵی هەیە لەکارکردنی 300 ئەنزیم کە هەریەکەیان بەرپرسی چالاکیەکی تایبەتن لە لەشدا لەوانەش دروستکردنی پرۆتین و ڕێخستنی کاری ماسولکە و دەمارەکان و گۆڕینی خواردن بۆ ووزە و پاراستنی تەندروستی خوێن، لەبەرئەوەی جەستە توانای نییە بەشێوەیەکی سروشتی ئەم پێکهاتەیە دروست بکات ناچار دەبێت لەخۆراک و سەرچاوەی دەرەکی وەربگیرێت.
خۆشبەختانە لەڕێی سیستمی خۆراکییەوە بە ئاسانی دەکرێت ئەم پێکهاتەیە بگاتە جەستە کەسێکی پێگەیشتوو ڕۆژانە پێویستی بە 320-420 میلیگرام مەگنسیۆم هەیە ئەوەش لەڕێی خواردنی (بادەم و گازۆ و ناوکی کولەکە و شۆفان و برنجی قاوەی و فاسۆلیا و نیسک و سڵق و سپێناغ) وەردەگیرێت هەمویان سەرچاوەیەکی باشی ئەم پێکهاتەیەن هاوکات بۆ عاشقانی شۆکۆلاتە لە 100 گرام شۆکۆلاتەی ڕەنگ تۆخ بڕی 146 میلیگرام لەم کانزایە هەیە.
بەڵام گرنگە بزانرێت کە تەواوکەرە خۆراکییەکانیش بە بێ زیان و کاریگەری لاوەکی نین، دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەرس وەک دڵتێکەڵهاتن، ئازاری ناو سک و سکچوون، هەروەها لەوانەیە وەرگرتنی مەگنسیۆم بە ڕێژەیەکی بەرز ببێتە هۆی ژەهراویبوونی جەستە.
PM:03:15:23/10/2025
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه