چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان کیسی مەمک و شێرپەنجەی مەمکدا؟
وێستگە ستایل-
کیسی مەمک لەگەڵ شێرپەنجەی مەمکدا جیاوازە لە ڕووی پێکهاتە و ڕێژەی مەترسییەکانیان، هەربۆیە پێویستە خانمان ئاگادار بن و لە ژێر ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دەرنەچن، لەم باسەدا دکتۆر هاوار نەقشبەندی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی باس لە جیاوازییەکانی نیوان ئەم دوو حاڵەتە دەکات و ڕوونکردنەوەی زیاتر دەداتە چارەخوازان.
- تایبەتمەندییەکانی کیسی مەمک ئەمانەن:
1- بریتییە لە کیسی پڕ لە شلە (نا شێرپەنجەیی).
2- زۆرجار بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنەکانەوە دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە ڕژێنەکانی مەمکدا.
3- کیس بەزۆری نەرمە، دەجووڵێت لە کاتی دەستلێدان.
4- لەوانەیە ئازاربەخش بێت، بەتایبەتی پێش سوڕی مانگانە.
5- لە سۆنەردا، وەک کیسێکی پڕ لە شلە دەردەکەوێت.
6- بۆ چارەسەر زۆرجار پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە؛ کیسی گەورە یان ئازاربەخش دەتوانرێت بە دەرزی شلەکەی ناوی ڕابکێشرێت.
- تایبەتمەندییەکانی شێرپەنجەی مەمک ئەمانەن:
1- وەرەمێکی ڕەقی شێرپەنجەییە.
2- بەهۆی گەشەی نائاسایی خانەکانی مەمکەوە کە بە شێوەیەکی بێ کۆنترۆڵ زیاد دەکەن پەیدا دەبێت.
3- زۆرجار گرێیەکی ڕەقە و نەجووڵاو و بێ ئازارە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا.
4- بەزۆری لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بێ ئازارە، هەرچەندە ئازارەکە دواتر دەردەکەوێت.
5- لە سۆنەر یان مەمۆگرامدا، وەک بارستەیەکی ڕەق و ناڕێک دەردەکەوێت.
6- پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەیە وەک نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، تیشک، یان چارەسەری هۆرمۆنی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەتوانێت بڵاوبێتەوە.
PM:12:01:13/10/2025
ئهم بابهته 108
جار خوێنراوهتهوه