نیشانە و ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی بەکتریای گەدە چین ؟
وێستگە ستایل-
هێلیکۆبەکتەر پایلۆری یان (H. Pylori) یەکێکە لە باوترین ئەو بەکتریایانەی کە دەبنە هۆی هەوکردنی گەدە و برینی گەدە و هەندێک جار شێرپەنجەی گەدە، بەکتریاکە شێوەیەکی لولپێچی هەیە و پێیەکی درێژی هەیە کەیارمەتی دەدات بەگەیشتنی بۆ دیواری گەدە، هەوکردنی گەدە بەهۆی ئەم بەکتریایەوە نەخۆشیەکی بەربڵاوە لە جیهاندا و توێژینەوەکان دەریانخستووە کە زیاتر لەنیوەی خەڵک لە جیهاندا تووشبووی ئەم هەوکردنەن.
- نیشانەکانی بەکتریایی گەدە بریتین لە :
1- هێڵنجدان و ڕشانەوە.
2- ئازاری بەشی سەرەوەی سک واتە گەدە .
3- قرقێنەی زۆر.
4- نەمانی ئارەزوی خواردن و کێش دابەزین .
5- برسێتی لەبەیانیان و بونی بۆنێکی ناخۆش لە دەم .
- دەستنیشانکردنی ئەم بەکتریایە لە تاقیگە بە چەند ڕێگەیەک دەکرێت :
1- پشکنینی خوێن: لەڕاستیدا پێشنیارکراوە بەکارنەیەت چونکە ورد نیە، دژەتەنی بەکتریاکە تا ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە .
2- پشکنین لەڕێگەی پیسایی.
3- پشکنین لەڕێگەی هەناسەوە.
- جێگەی باسە پشکنین لەڕێگەی هەناسەوە ڕادەی وردی لە دیاریکردنی بەکتریاکە زۆر بەرزە و هەروەها بۆ زانینی بنەبڕبونی بەکتریاکە دوای بەکارهێنانی دەرمان بەکاردێت.
- ئامادەکاریەکان پێش ئەنجامدانی ئەم شیکاریە ئەمانەن:
1- خۆت لە خواردن و خواردنەوە بە دوور بگرە بە ئاویشەوە، واتە 4 بۆ 6 کاتژمێر دەبێت ناشتا بیت .
2- جگەرەکێشان قەدەغەیە: لایەنی کەم دوو کاتژمێر پێش ئەمجامدانی ئەم شیکاریە تا تەواوبوونی تاقیکردنەوەکە جگەرە مەکێشە.
3- دژە بەکتریاکان: بەلایەنی کەمەوە 4 هەفتە پێش پشکنین بوەستێنرێت .
4- ئەگەر دەرمانی درێژ خایەنت هەیە ڕاوێژ بە پزیشکەکەت بکە .
5- ئەگەر دووگیانیت یان شیردەریت یان شەکرەت هەیە کارمەندی پزیشکی تاقیگە ئاگاداربکەرەوە چونکە ئەم حاڵەتانە لەوانەیە کاریگەری لەسەر پشکنینەکە هەبێت و پێویستی بە خۆپارێزی جیاواز بێت .
PM:02:46:24/09/2025
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه