سوودەکانی ئەنجامدانی سۆنەر لە ماوەی دووگیانیدا کامانەن ؟
وێستگە ستایل-
ئەنجامدانی سۆنەر بە درێژای ماوەی دووگیانییەکە پێویستە لەسەر خانمانی دووگیان بە مەبەستی چاودێریکردن و زانینی ڕەوشی تەندروستی هەریەکە لە دایک و کۆرپەکە تاوەکو بتوانرێت لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەکی تەندروستی زۆر بە زووی دەستنیشانکردنی بۆ بکرێت و چارەسەری پێویستی بۆ بگیرێتە بەر، لەم باسەدا دكتۆرە هدی محی الدین پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون باس لە ژمارەی ئەنجامدانی سۆنەرەکان و سوودەکانیان دەکات بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
1- ماوەی نێوان 6 بۆ 8 هەفتە یەکەم سۆنەر دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە دووگیانی، یەکەم سۆنەر ئەنجام دەدرێت لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
- بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی دووگیانی ڕوویداوە.
- بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دووگیانیەکە لە ناوەوە یان دەرەوەی منداڵدانە.
- بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا خانمەکە دووگیانە بە یەک منداڵ یان دووانە.
- دیاریکردنی لێدانی دڵی کۆرپەلە.
2- نێوان 10 بۆ 13 هەفتە پشکنینی سۆنەر دەبێت لە نێوان هەفتەی دەیەم و سێزدەیەمی دووگیانیدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بۆ زانینی بەرواری لەدایکبوون و درێژی منداڵەکە لە سەرەوە تا خوارەوە و دڵنیابوون لە لێدانی دڵی کۆرپە.
3- سۆنەر لە نێوان 14 بۆ 20 هەفتەدا دەتوانێت گرنگترین بێت، بۆ پشکنینی نەخۆشی داون و کێشەی تری کرۆمۆسۆمەکان.
4- پێویستە لە سێیەکی کۆتایی دووگیانیدا سۆنەر بکرێت بۆ ئەوەی کێشی کۆرپەلە و شوێنی لەناو منداڵدان بزانرێت، هەروەها بۆ دیاریکردنی جۆری منداڵبوونی گونجاو بە سروشتی بێت یان بە نەشتەرگەری.
PM:04:02:14/09/2025
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه