‌خەوزڕان مەترسییەکی جدییە بۆ سەر مێشک

وێستگە ستایل-

یەکێک لە توێژینەوە پزیشکییەکان ئاشکرایکردووە کە خەوزڕانی درێژخایەن دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتنی مێشک و دووچاربوون بە لاوازبوونی یادگە و لەکارکەوتنی توانستە چالاکەکانی مێشکی مرۆڤ لە کاتی چوونە تەمەندا.

ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری زانستی Neurology بڵاوکراوەتەوە بە ئامانجی ئاشکراکردنی کاریگەرییەکانی خەوزڕانی درێژخایەن لەسەر مێشکی مرۆڤ، دەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان خەوزڕان و تووشبوون بە خەڵەفان و لاوازبوونی هزری.

توێژەرانی پێگەی مایۆکلینیکی ئەمریکی سەرپەرشتی ئەم تاقیکردنەوە زانستییەیان کردووە کە بە بەشداریکردنی نزیکەی 2,750 کەسی تەمەن 70 ساڵ ئەنجامدراوە، هەروەها داتاکان ئاشکرایانکردووە ئەو کەسانەی کە بە دەست بێخەوییەوە ناڵاندوویانە بە ڕێژەی %40 لە ئەگەری تووشبووندان بە لاوازبوونی هزری بە بەروارد بەو کەسانەی کە خەوێکی ئاساییان هەبووە.

بەشداربووان بۆ ماوەی 5 ساڵ بە بەردەوامی چاودێری کراون و توێژەران گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە خەوزڕان هاوتای زیادبوونی پیربوونی مێشک بووە بە ڕێژەی 3 ساڵ و نیو، سەرباری ئەمەش پشکنینەکان ئاشکرایانکردووە کە مێشکی ئەو کەسانە پرۆتینی ئەمایلۆیدی تێدا نیشتووە کە کەلەکەبوونی ئەم پرۆتینە بە مانای دووچاربوون دێت بە نەخۆشی زەهایمەر.


PM:04:29:13/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌