‌توێژینەوەیەک زیانە شاراوەکانی ئامڕازەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی ئاشکرادەکات

وێستگە ستایل-

نوێترین توێژینەوەی زانستی بەم دواییانە دەریخستووە کە بەکارهێنانی ئامڕازە هۆڕمۆنییەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانبوون لە لایەن خانمانەوە دەکرێت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروستی خانمان بەجێبهێڵێت بە جۆرێک کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەست و سۆز و یادگەی ئەو کەسانەی پەنادەبەنە بەر ئەم ڕێگایە.

ئەم توێژینەوەیە دەرگایەکی نوێی واڵا کردووە بە مەبەستی تێگەیشتن و پەیبردن بەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی کە هەیە لە نێوان ئەم ڕێگا هۆڕمۆنییە و تەندروستی دەروونی بەکارهێنەرانی.

وەک ئاشکرایە جگە لە ویستی ڕێگریکردن لە دووگیانی ئەم ئامڕازە هۆڕمۆنییانە بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشەی تەندروستی دیکەی خانمان وەک نەخۆشی کیسی وردی سەر هێلکەدان، ناڕێکی لە سوڕی مانگانەدا و حاڵەتی Endometriosis سوودی لێوەردەگیرێت.

هەمیشە خانمان گازەندەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم هۆڕمۆنانە دەکەن و باس لە تێکچوونی میزاج، زیادبوونی کێش و تێپەڕین بە کاتێکی پڕ لە هەست و سۆزی نەرێنی دەکەن، بەڵام ئەمجارە لە ڕێگای توێژینەوەیەکی زانستییەوە هەوڵدەدرێت کاریگەرییە چاوەڕواننەکراوەکانی ئەم هۆڕمۆنانە لەسەر لایەنی هەست و سۆز و یادگەی خانمان ئاشکرابکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجامبدرێت.


PM:03:21:13/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌