‌هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە کامانەن ؟

وێستگە ستایل-

نەخۆشی شەکرە بە واتای بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێن لە ئاستی ئاسایی خۆی زیاتر دێت، ئەم نەخۆشییە دوو جۆری هەیە کە پێیاندەوترێت شەکرەی جۆری یەکەم و شەکرەی جۆری دووهەم، هەروەها وەک دەزانرێت نەخۆشی شەکرە ماک و لێکەوتەی خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی ئەو کەسانەی کە بەم نەخۆشییە دەستنیشاندەکرێن، لەم باسەدا دکتۆر ئامانج خەزنەدار پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو باس لە هۆکارەکانی دووچاربوون بەم نەخۆشییە دەکات.

ـ نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم: هۆکاری سەرەکی تووشبوون لێرەدا بەهۆی هەبوونی دژە تەنێکەوە دەبێت کە بە هەڵە پەلاماری ئەوخانانەی ناو پەنکریاس دەدات و دەبێتە  هۆی تێکشکاندیان، وا دەکات کەنەتوانن بەردەوام بن لە دەردانی هۆرمۆنی ئینسۆلین وە بەو هۆیەوە ڕێژەی مادەی شەکر بەرز دەبێتەوە لە خوێندا، جۆری یەکەمی نەخۆشی شەکرە ناتوانرێت ڕێگەی لێبگیرێت و کەس تووشی نەبێت بەڵام خۆشبەختانە ڕوودانی ئەم جۆرەیان زۆر کەمترە لە جۆرەکەی تر.

- جۆری دووهەمی نەخۆشی شەکرە: لێرەدا هۆرمۆنی ئینسۆلین هەیە لەناو خوێنی کەسەکەدا بەڵام یان زۆر کەمە یان ئەوەتا هۆرمۆنی ئینسۆلینەکە هەیە بۆ ئەوەی ڕێژەی شەکر لەخوێندا بە جێگیری بمێنێتەوە بەڵام بەهۆی بوونی چەند بەربەستێکەوە( واتا بەرگری لە ئینسۆلین) کە وادەکات مادەی شەکر لە خوێندا نەتوانرێت بخرێتە ناو خانەکانی لەشی مرۆڤەکەوە وە لە ئەنجامدا شەکرلەخوێندا بەرزببێتەوە، هەبوونی ئەم جۆرەیان زیاتر بڵاوترە لە جۆری یەکەم بەڵام دەتوانرێت ڕێی پێبگیرێت یان دوابخرێت بۆ ماوەیەک هەتا ڕووبدات.

- ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە شەکرەی جۆری دووهەم بریتین لە: 
1- ڕاگرتنی کێشی کەسەکە بەشێوەیەکی تەندروست.
2-وەرزش کردن بە شێوەیەکی چالاک بۆ ماوەی 150 خوولەک لە هەفتەیەکدا وەکو ئەنجامدانی وەرزشی کاردیۆ یان ڕێکردنی خێرا یان مەلەکردن.
3- خواردنی تەندرووست ئەویش بەکەمکردنەوەی خواردنی مادەی شەکر و چەوریە تێرەکان.


PM:04:09:11/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌