ئەگەر یەک جار فشاری خوێنت بەرز بوو، واتە نەخۆشی زەختت هەیە ؟
وێستگە ستایل-
وەڵامی ئەم پرسیارە بێگومان نەخێرە، بەو پێیەی شتەکە بەو ئاسانیە نیە تەنها بە یەک جار، یان دوو جار زەخت گرتن بڵێین تووشی زەخت بوویت و دەبێ تا هەتایە حەبی زەخت بخۆیت، لەبەرئەوەی هەندێک هۆکار هەن بۆ ماوەیەکی کاتی فشاری خوێن بەرز دەکەنەوە، بەڵام کە هۆکارەکە نەما، فشارەکە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی، بۆیە پێویستە بزانیت لە چ کاتێک و چۆن زەختت دەگریت، لەم باسەدا دکتۆر شێروان کۆساری پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو سەبارەت بەم بابەتە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات.
- باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی بزانیت کەسێک نەخۆشی بەرزە فشاری خوێنی هەیە یان نا، لە ڕێگەی ئامێرێکەوەیە کە لە قۆڵی نەخۆش دەبەسترێت بۆ ماوەی 24 کاتژمێر کە پیی دەوترێت (Ambulatory blood pressure monitoring) ، بەڵام ئەگەر ئەو بەردەست نەبوو بەهەر هۆکارێک، دەتوانیت بە ئامێری زەخت بیپێوی بەو مەرجانەی خوارەوە:
1- جیهازی زەختی جیوەیی بەکاربێنە.
2- جەدوەلێک دروست بکە، بۆ ماوەی هەفتەیەک، ڕۆژی دوو جار زەختت بگرە و تۆماری بکە.
3- لەکاتی گەیشتنت بۆلای ئەو کەسەی زەختەکەت بۆ دەگرێت، نابێ ڕاستەوخۆ دانیشی زەختت بگری، پێویستە 5 بۆ 10 خولەکێک ئیسراحەت بکەی پاشان زەختەکەت بگری.
4- نیو سەعات پێش ئەوە چا و قاوەو نیسکافە مەخۆوە و جگەرە مەکێشە.
5- لە کاتی زەخت گرتنەکە باشتر وایە لەسەر کورسیەک دانیشتبی، هەردوو قاچت لە زەوی بێت و دەستت لە ئاستی دڵت ڕابگری.
6- باشتر وایە میزڵدانت بەتاڵ بێت.
7- لە هەردوو قۆڵت زەختەکە بگیرێت.
ئینجا ئەنجامی جیهازی قۆڵەکە یان جەدوەلەکە ببە بۆ لای دکتۆر و ئەو بڕیار دەدات کە تۆ نەخۆشی زەختت هەیە یان نا.
- ئەگەر پزیشک بڕیاریدا زەختت هەیە، دەبێت بزانیت زەخت دوو جۆری هەیە:
1- ئەوەیە کە هۆکارەکەی بە ڕوونی دیار نیە.
2- ئەوەیە کە کێشە لە شوێنێکی تری جەستە وای کردووە زەختت بەرز بێتەوە، بە چارەسەرکردنی هۆکارەکە زەختت دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆت.
- هەر بۆیە پزیشکەکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک پشکنین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هۆکاری زەختەکە جۆری یەکەمە یان دووەم، وەکو پشکنینی گشتی خوێن و فرمانی گورچیلەو غودەی دەرەقی.
PM:02:14:10/09/2025
ئهم بابهته 516
جار خوێنراوهتهوه