‌هۆکارەکانی گیرانی ڕیخۆڵەکان چین ؟

وێستگە ستایل-

گیرانی ڕیخۆڵەکان زۆربەی کات حاڵەتێکی فریاکەوتنە و پێویستی بە چارەسەری بە پەلە هەیە، بەو پێیەی لە ئەنجامی ڕیخۆڵە گیراندا جەستەی مرۆڤ دووچاری وشکبوونەوە دەبێت و ناڕێکی لە هاوسەنگی ئەلکترۆلایتەکان کێشەی تەندروستی جددی پەیدا دەکات، لەم باسەدا دکتۆر هێز نیهاد پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و نەشتەرگەری هەناوبینین هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە زیتر ڕووندەکاتەوە.

- ڕیخۆڵە گیران لەم کاتانەدا ڕودەدات: 
1- کێشەیەک لە ناوپۆشی ڕیخۆڵەکان هەبێت وەکو قەبزی یان خواردنی تەنی هەرس نەکراو.
2- لە دیواری ڕیخۆڵەکان ڕودەدات وەکو بونی گرێ کاتێک گەورە دەبێت.
3- بەهۆی پاڵنانەوە لە دەرەوەی ڕیخۆڵەکان وەکو گرێ یان لکانی ڕیخۆڵەکان.
4- فتق ئەگەر ڕیخۆڵەی تیا بێت هۆکارێکی دیکەیە.
         
- هەر تەمەنێک هۆکارێکی جیاوازی باوی هەیە بۆ توشبوون بە گیران، بۆ نموونە لە منداڵدا چونەناویەکی ڕیخۆڵەکان و لە پیردا بوونی گرێ یان قەبزی و تەمەڵبوونی ڕیخۆڵەکان و لە گەنجدا باوترین هۆکار نەشتەرگەری پێشووترە.

- یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گیران لە دیواری ڕیخۆڵە بریتیە لە تەمەڵبوونی ڕیخۆڵە کە دوای نەشتەرگەری و بەنج ڕیخۆڵەکان سست دەبن بۆ ماوەیەکی کاتی، هەروەها تەقینی ڕیخۆڵەو هەوکردنی ڕیخۆڵەکوێڕە هۆکارن بۆ گیران.

- دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە بە ڕێگەی جیاواز و هەندێکجار چەند ڕێگەیەک بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردن. 

- چارەسەر بریتیە لە نەشتەرگەری تەنها لە هەندێک حاڵەتی لکانی ڕیخۆڵەکان تەنها بە حەواندنەوەی جۆگەی هەرس چاک دەبێت و لە بونی قەبزی دەرمان و شتنی ڕیخۆڵە کاریگەرە، ئەگەر بەهۆی سستی ڕیخۆڵە بێت نەشتەرگەری پێویست نیە.


PM:03:50:04/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌