هۆکارەکانی توشبوون بە فتق کامانەن ؟
وێستگە ستایل-
فتق لە ئەنجامی تێکەڵەیەک لە لاوازی دیواری سک یان ناوپەنچک و زیادبوونی فشار دروستدەبێت، هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم فشارە بریتین لە کۆکە درێژخایەنەکان، بەرزکردنەوەی قورسایی، قەڵەوی، قەبزی و دووگیانی، لەم باسەدا دکتۆر هاوار نەقشبەندی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی مەمک و غودە و کۆئەندامی هەرس و ناظور ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات سەبارەت بە هۆکارەکانی دووچاربوون بەم حاڵەتە، ئەوانیش بریتین لە :
1- لاوازی ماسولکەکان: لاوازی دیواری سک لەوانەیە بۆماوەیی بێت، یان لەگەڵ تەمەندا ڕووبدات.
2- کۆکەی درێژخایەن یان ڕشانەوە: پەستانی ناو بۆشایی سک زیاد دەکات، بەمەش وردە وردە شانەکان لاواز دەبن.
3- قەبزی درێژخایەن: دەبێتە هۆی گرژبوون لە کاتی پیساییکردندا، ئەمەش فشار لەسەر ماسولکەکانی سک زیاد دەکات.
4- دووگیانی و منداڵبوون: ئەم حاڵەتانە فشار لەسەر دیواری سک زیاد دەکەن و بەشدارن لە لاوازی ماسولکەکان بەتایبەت لەگەڵ دووبارەبوونەوەی دووگیانیدا.
5- بەرزکردنەوەی شتی قورس: فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر سک، بەتایبەتی ئەگەر بە هەڵە ئەنجام بدرێت.
6- قەڵەوی و کێشی زیادە: دەبێتە هۆی زیادبوونی بەردەوامی فشاری ناو سک.
7- نەشتەرگەری پێشوو: ئەمەش دەتوانێت ناوچەیەکی دیاریکراوی دیواری سک لاواز بکات.
8- جگەرەکێشان: ئەگەری کۆکە درێژخایەنەکان زیاد دەکات و بەشدارە لە ئەگەری تووشبوون بە فتق.
9- گەورەبوونی پرۆستات: ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی میزکردن و گرژبوون لە کاتی میزکردندا، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی فشاری سک.
PM:03:09:04/09/2025
ئهم بابهته 800
جار خوێنراوهتهوه