‌جێڵ پۆڵیشی نینۆک قەدەغەکرا

وێستگە ستایل-

دەزگای مەغریبی بۆ دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکان لە نوێترین هەنگاویدا بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان، هاوردەکردن، فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە جوانکاریانەی کە ماددەی کیمیایی trimethyl benzoylphosphine diphenyl oxide کە ناسراوە بە "TPO" یان تێدایە.

ئەم بڕیارەی دەزگاکە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە زانستییەکان و ستانداردە جیهانییەکان دێت لەسەر ماددەی TPO، ئەم ماددەیە بە پلەی یەکەم لە جۆرە جیاوازەکانی بۆیەی نینۆک و جێڵ پۆڵیشی نینۆکدا بەکاردێت و دەرکەوتووە کە پێکهاتەیەکی زیانبەخش و ژەهراوی هەیە.

مەغریب وەک یەکەم وڵات دەستپێشخەری کرد لە قەدەغەکردنی ئەم پێکهاتە ژەهراوییە و هەر زوو هەموو پسپۆڕانی تەندروستی، بەکارهێنەران و ئەو کەسانەی کە لە بواری جوانکاری نینۆکدا کاردەکەن ئاگادارکرانەوە کە چیدیکە ئەو ماددەیە بەردەست نابێت و بە هیچ جۆرێک بازرگانی پێوە ناکرێت.

جێگەی ئاماژەیە بەرکەوتنی بەردەوامی نینۆکەکان بەم ماددەیە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنێکی درێژخایەن و چەندین کێشەی تەندروستی لێدەکەوێتەوە، هەربۆیە دوورکەوتنەوە لە جێڵ پۆلیشی نینۆکەکان هەنگاوێکی سادەی پاراستنی تەندروستییە. 


AM:11:31:01/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌