‌چا و قاوەی گەرم هۆکارێکی مەترسیداری شێرپەنجەن

وێستگە ستایل-

پسپۆڕان مەترسییەکانی خواردنەوەی چا و قاوە لە پلەی گەرمی کوڵاندنی زیاتر لە 65 پلەی سیلیزی ئاشکرادەکەن، بەو پێیەی ئەم خواردنەوانە دەبنە هۆی زیانگەیاندنی درێژخایەن بە سورێنچکی مرۆڤ.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا و بەتایبەت لە ساڵی 2016 دەزگای زانستی بۆ توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە شێرپەنجە لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بە ئەگەری پەیدابوونی چەند ماددەیەکی شێرپەنجەیی کرد لە نێو ئەو خواردنەوانەی کە زیاتر لە 65 پلەی سیلیزیدا دەکوڵێنرێن.

زاناکانی بواری توێژینەوە گەورەترین داتایان لەسەر خەڵکی کیشوەری ئەمریکای باشوور کۆکردۆتەوە کە ڕێژەیەکی بەرزی دووچاربوون بە شێرپەنجەی سورێنچکی تێدایە کە بە هۆکاری خواردنەوەی چا و قاوەی گەرم تۆمارکراون، داتاکان لە کیشوەری ئەفریقا و ئاسیاش هەمان دەرەنجامیان خستۆتەڕوو، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرئەوەی لە کۆنەوە چا و قاوەی گەرم بەشێکن لە کلتوری ناوچەکە.

توێژینەوەکان ئاشکرایانکردووە خواردنەوەی چا و قاوە بە گەرمی دەکرێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناوپۆشی سورێنچک و ئەمەش وا دەکات خانەکانی سورێنچک لە پرۆسەی نوێبوونەوەدا بن بە شێوەیەکی بەردەوام، پاش ماوەیەک ڕوودانی هەڵەیەک لەم پرۆسە ئاڵۆزەدا دەبێتە هۆی پەیدابوونی خانە شێرپەنجەییەکان و دواجار تووشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک.


PM:04:42:26/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌