ڕێگەکانی چارەسەری ئازاری پاش نەشتەرگەری کۆم چییە ؟
وێستگە ستایل-
ئازاری پاش نەشتەرگەری کۆم حاڵەتێکی باوە بەڵام خۆشبەختانە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، دکتۆر سەردار ئیبراهیم پسپۆری نەشتەرگەری گشتی لەم بابەتەدا سەرەکیترین ڕێگەکانی چارەسەری ئەم حاڵەتە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازار و پشتگیریکردن لە چاکبوونەوە دەخاتە ڕوو، کە بریتین لە :
1- دەرمان بۆ کەمکردنەوەی ئازار وەک:
- ئازارشکێنی پاراسیتامۆڵ، دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی وەک ئیبوپڕۆفین یان دەرمانی ئۆپیۆیدی سووک وەک ترامادۆڵ.
- دەرمانی سڕکرردن وەک کرێمی لیدۆکاین.
- دژە گرژبوون، یارمەتی ئارامکردنەوەی ماسولکەکان و کەمکردنەوەی ئازار دەدات.
2- نەرمکەرەوەی پیسایی بۆ ڕێگریکردن لە گرژبوون لە کاتی پیساییکردن زۆر گرنگە چونکە گرژبوون ئازار زیاد دەکات و زیان بە درزەکانی کۆم دەگەیەنێت.
3- حەمامی گەرم و دانیشتن لە ئاوی گەرمدا بۆ ماوەی 15 بۆ 20 خولەک، ڕۆژانە 2 بۆ 3 جار دوا بە دوای پیساییکردن یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان و پاک ڕاگرتنی شوێنەکە دەدات.
4- چاودێریکردنی برین بە شێوەیەکی دروست بە جۆرێک شوێنی برینەکە بە پاک و وشک ڕابگرە.
5- پادی سارد بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەک بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ئاوسان بەسوودە بە تایبەت لە 24 بۆ 48 کاتژمێری یەکەمدا.
6- ڕێکخستنی خۆراک وەک خواردنی خۆراکی ڕیشاڵی زۆر لە سەوزە، میوە، دانەوێڵەی تەواو، دوورکەوتنەوە لە خواردنە بەهاراتییەکان و خواردنەوەی کافاین، ئاو خواردنەوەی زۆر یارمەتیدەر دەبن بۆ کەم کردنەوەی ئازار.
PM:01:44:31/07/2025
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه