نوێترین چارەسەری فشەڵبوونی ئێسک دۆزرایەوە
وێستگە ستایل-
لە پاش تێپەڕینی 3 دەیە لە توێژینەوە، دکتۆر کریستۆفەر ئیڤانس توێژەرێکی مایۆ کلینیک توانیوێتی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو تۆماربکات بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی نوێی جینی لە بواری نەخۆشی فشەڵبوونی ئێسکدا.
دەرەنجامی یەکەمی ئەم دۆزینەوەیە لە ڕۆژنامەی "Science Translational Medicine" بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەم چارەسەرە نوێیە سەلامەتە بۆ بەکارهێنان و کار لەسەر ئەو جینانە دەکات کە بەرپرسن لە سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە و نەخۆشەکان بە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە نوێیە بەرەوپێشچوونی بەرچاویان کردووە.
دکتۆر ئیڤانس ئاماژەی بەوە داوە ئەم دۆزینەوەیە شۆڕشێکی نوێ بەرپادەکات لە چارەسەری نەخۆشی فشەڵبوونی ئێسکەکاندا بەو پێیەی ئەم نەخۆشییە هۆکاری سەرەکی بێتوانایی ئەو کەسانەیە کە دووچاری هاتوون، جێگەی ئاماژەیە فشەڵبوونی ئێسک یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە باوەکان بە تایبەت لە خانماندا، بە نزیکەی 32.5 ملیۆن کەس لە ئەمریکا بە دەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن.
چارەسەرە نوێیەکە بە شێوەی دەرزی لە جومگەی ئەژنۆ دەدرێت، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ماددەیەک بە ناوی IL-1Ra کە بۆ ماوەی ساڵێک لە ناو ئەژنۆدا دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی کپکردنی ئازار و بەرەوپێشچوونی کاری جومگە و ئێسک بە بێ هەبوونی هیچ کاریگەرییەکی لاوەکی.
PM:12:07:31/07/2025
ئهم بابهته 1260
جار خوێنراوهتهوه