هۆڕمۆنێک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
وێستگە ستایل-
بە نزیکەی ڕێژەی %30 ئەو کەسانەی دووچاری نەخۆشی بەرزە فشاری خوێن هاتوون هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆنیان بەرزە.
بەرزە فشاری خوێن لە هەمان کاتدا بە کوژەری بێدەنگ ناودەبرێت لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی چەندین حاڵەتی مەترسیدار کە ژیانی نەخۆشەکە دەخاتە مەترسییەوە وەک جەڵدەی دڵ و جەڵدەی مێشک، ئەمەش وایکردووە پسپۆڕان بەردەوام کار لەسەر توێژینەوەی نوێ بکەن بە ئامانجی دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکی پشت ئەم نەخۆشییە.
لە نوێترین لێکۆڵینەوەدا پزیشکان کار لەسەر هۆکارە هۆڕمۆنییەکانی پشت بەرزە فشاری خوێن دەکەن، بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "Clinical Endocrinology and Metabolism" نزیکەی %30 ی نەخۆشەکان هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆنیان بەرزە و توووشبووی حاڵەتێکن بە ناوی "Primary Hyperaldosteronism" ، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، زۆربەی ئەم نەخۆشانە پێشتر پشکنینی خوێنیان نەکردووە بۆ زانینی حاڵەتێکی لەم جۆرە کە هۆکارەکەی زۆر دەردانی هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆنە لە لایەن ڕژێنی ئەدریناڵی سەر گورچیلەکانەوە .
دکتۆرە گەیل ئادڵەر پسپۆڕی تایبەت بە کوێرە ڕژێنەکان لە نەخۆشخانەی بریگهام لە بۆستن ئاماژەی بەوە داوە ئەو کەسانەی تووشبووی ئەم حاڵەتەن بە ڕێژەیەکی بەرچاو تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن بە بەراورد بەو کەسانەی کە بەرزە فشاری خوێنیان هەیە بەڵام هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆنیان بەرز نییە، هەروەها بە ڕێژەی 2.6 جار ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵدەی مێشک زیاترە.
PM:02:28:17/07/2025
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه