کاریگەرییە خراپەکانی ژەمێکی پڕ لە پڕۆتین چییە ؟
وێستگە ستایل-
ئاشکرایە کە لەئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک ڕوویان کردۆتە دابەزاندنی کێش و بەهێزکردنی ماسولکەکانی جەستە لەڕێگەی سیستەمێکی خۆراکی پڕ لە پڕۆتین، بەڵام پزیشکان ئاگایی دەدەن لە ئەگەری وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە پڕۆتین لە ژەمەکاندا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "Verywell Health" زیادەڕەویکردن لە وەرگرتنی پڕۆتین لە ڕێگەی گۆشتی سوور، بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەک ماست، هێلکە و پاودەری پڕۆتین چەند کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر جەستە بەجێدەهێڵیت وەک:
1- ئەو کەسانەی کە وەرگرتنی پڕۆتین دەکەن بە ژەمی سەرەکی خۆراکی، دووردەکەونەوە لەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ ئەمە لە کاتێکدایە ڕیشاڵەکان زۆر گرنگن بۆ ڕێكخستنی کرداری هەرس، کۆنتڕۆڵ کردنی شەکری خوێن، ڕاگرتنی تەندرووستی دڵ و موولوولەکانی خوێن و ڕێگریکردن لە قەبزی.
2- ئەو کەسانەی کە بڕێکی زۆر لە پڕۆتین وەردەگرن پێویستە بڕێکی زۆر لە ئاو بخۆنەوە، ئاشکرایە هەرس کردنی ئەو بڕە زۆرە لە پڕۆتین پێویستییەکی زۆری بە ئاوە، بەم جۆرەش بڕی ئاوی جەستە دادەبەزێت و دەبێتە هۆی هێواش بوونەوەی جووڵەی ڕیخۆڵەکان و دواجار دەبێتە هۆی قەبزی.
3- جێگەی سەرسووڕمانە کە وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە پڕۆتین دەبێتە هۆی هەست کردن بە هیلاکی و نەمانی ئارەزووی وەرزش کردن کە ئەمە خۆی لە خۆیدا خراپە و دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە چالاکی ڕۆژانە و جووڵە.
AM:11:39:17/07/2025
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه