‌دانەبەزینی ھێلکە گون چییە؟

وێستگە ستایل-

دانەبەزینی ھێلکە گون بریتیە لە شکستی پرۆسەی دابەزینی هێلکە گون لە سکەکەلێنەوە بۆناو تورەکەی گون، هێلکەگونەکان سەرەتا لەناو سکەکەلێندا دروست دەبن پاشان بە پرۆسەیەک وردە وردە دادەبەزن بۆ ناو تورەکەی گون، ئەم پرۆسەیە بەتەواوی لە ماوەی دووگیانی و لەناو مناڵدانی دایکدا روودەدات ھەر ھەڵەیەک لەم پرۆسە ورد و ئاڵۆزەدا رووبدات یەک ھێلکە گون یاخود ھەردووکیان ناگەن بە جێگەی پێویست کە ناو تورەکەی گونە، دکتۆر هەردی طارق حەمە پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزو میزەڕۆ و پرۆستات لەم بابەتەدا چەند زانیارییەکی زۆر گرنگ دەخاتە ڕوو: 

1- ئەو ھۆکارانەی کە ئەگەری روودانی دانەبەزینی ھێلکە گون زیاد دەکەن بریتین لە:
 ⁃ لەدایک بوونی منداڵی پێشوەختە واتە (نەبەکام).
 ⁃ کەمی کێشی منداڵ لەکاتی لەدایک بووندا .
 ⁃ منداڵی دوانە .
 ⁃ سستی گەشەی کۆرپەلە لە منداڵدانی دایک دا.
 ⁃ بوونی پێشینەی خێزانی گوونی دانەبەزیوو.
 ⁃ بوونی ھەندێک نەخۆشی زکماکی بۆ نمونە مەنگۆلی (Down syndrome).
 ⁃ خواردنەوەی کھول لەماوەی دووگیانیدا لەلایەن دایکی دووگیانەوە.
 ⁃  دایکی جگەرەکێش یاخود بەرکەوتەی دووکەڵی جگەرە.

2- نیشانەکانی چۆن بیناسینەوە؟
 ⁃ نەبینین یاخود ھەست نەکردن بە تاکێک یاخود ھەردوو ھێلکە گون لەپاش لەدایک بوون بە دەست لێدان . 

3- ماکەکانی هێلکە گونی دانەبەزیوو بریتیە لە:
 ⁃ نەزۆکی .
 ⁃ شێرپەنجەی گوون .
 ⁃ سوڕانی گوون .
 ⁃ فتقی لاموسەڵان.
 ⁃ بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بە ھێلکە گونی دانەبەزیوو  .
-واتە ئەگەر هێلکە گونی دانەبەزیوو پشتگوێ بخرێ ئەکرێ ھەرکامێک لەم بارانەی سەرەوە دروست بکات .

4- چارەسەر چییە؟
⁃ پێویستە راستەوخۆ پزیشکی پسپۆری نەشتەرگەری گورچیلە و میزومیزەرۆ منداڵەکە ببینێ.
⁃ دواتر بەدوای ھێلکە گونەکەدا بگەرێـن بە پشکنین تاکو جێگەکەی ئەزانرێ و جۆرێ دانەبەزینەکە دەست نیشان دەکرێ.
⁃ ئەگەر ھێلکە گونی بەجێماو لە تورەکەی گونەوە نزیک بێت بۆ نمونە لە بن راندابێت ئەوا ئەتوانرێ چاوەرێی دابەزینی بکرێ بەسروشتی .
⁃ لەم  کاتانەدا زۆرجار گونی دانەبەزیوو بە شێوەیەکی خۆرسک دادەبەزی پاش لەدایک بوون تاکو تەمەنی سێ مانگی.
⁃ ژمارەیەکی کەمی ھەتاکو تەمەنی یەک ساڵی خۆی دادەبەزێ، واتە دوای ٣ مانگی ئەگەری بە خۆرسک دابەزینی کەمە بەڵام ھێشتا ئەتوانرێ چاوەرێ بکرێ خۆی داببەزێ تاکو تەمەنی ١ساڵی .
⁃ ئەگەر ھێلکە گونی دانەبەزیوو دووربێت بۆ نمونە لەناو سکدا بەجێمابێت یاخود نەتوانرێ شوێنەکەی بدوزرێتەوە یاخود پوکابێتەوە ئەوا پەنا دەبرێتە بەر ھەناوبینی و نەشتەرگەری .


PM:03:07:10/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌