سودهكانی پشکنینی پرۆستات
وێستگە ستایل-
پرۆستات ئەندامێکی (ڕژێنێکی) بچوکە لە پیاواندا و وەک بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی پیاوان هەژمان دەکرێت، و دەکەوێتە بەشی خوارەوەی میزەڵدان و فرمانی دەردانی شلەیەکە کە دەبێت بە بەشێک لە تۆواو، تۆوەکان تێیدا مەلەدەکەن، (PSA) پێکهاتەیەکە (پرۆتینێکە) کە لەلایەن پرۆستاتەوە دروستدەکرێت و بەشێکی زۆری دەکرێتە ناو تۆواو و بڕێکی کەمیش دەچێتە سوڕی خوێنەوە.
بە شێوەیەکی سروشتی بڕێکی کەم لە (PSA) لە خوێنی پیاواندا هەیە، زیادبوونی بڕی (PSA) لە خوێندا نیشانەیە بۆ تێکچوونی فرمانی پرۆستات و هەندێک جار شێرپەنجەی پرۆستات، هەربۆیە بۆ دەستنیشانکردنی سەرەتایی شێرپەنجەی پرۆستات پشت بەم شیکاریە دەبەسترێت.
سوودەکانی ئەنجامدانی پشکنینی (PSA):
شیکاری (PSA) بەمەبەستی چاودێری کردن و دەستنیشانکردنی گرفتەکانی ڕژێنی پرۆستات ئەنجامدەدرێت، کە باوترینیان شێرپەنجەی پرۆستاتە کە یەکێک لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە پیاواندا، شیکاریەکە تەندروستی پرۆستات دەخاتەڕو و دەستنیشانی سەرەتایی بوون یان نەبوونی شێرپەنجەی پرۆستات دەکات بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان و تەشەنەکردنی.
مانای شیکاریەکە چی دەگەیەنێت:
کەمی ڕێژەی پرۆستات مانای ئاسایی بوون و تەندروستی پرۆستات دەگەیەنێت کە پێویستە لەم بارەدا بڕی (PSA) کەمتر لە (4.0ng/ml) بێت.
بەرزی ڕێژەی شیکاریەکە بەپێی تەمەن و باری تەندروستی کەسەکە دەکرێت چەندین لێکدانەوەی بۆ بکرێت لەوانە:
1-ڕێژەی (PSA) ئاسایی زیاد دەکات لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دا، بەڵام زیادبوونی زۆری بڕەکەی نیشانەیە بۆ تێکچوونی فرمانی پرۆستات.
2-بوونی شێرپەنجەی پرۆستات کە یەکێک لە باووترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە پیاواندا (ئەوکەسانەی مەترسی توشبوونیان لێدەکرێت بە شێرپەنجەی پرۆستات بە گشتی ڕێژەی (PSA) لە (10.0ng/ml) زیاترە)..
3-بوونی هەوکردن لە پرۆستات دا (Prostatitis)، دەبێتە هۆی زیادبوونی (PSA) بە بڕێکی کەم.
4-لەکاتی گەورەبوون و زیادکارکردنی پرۆستات دا(Prostate Hyperplasia) بڕی (PSA) زیاد دەکات.
5-چالاکی زۆری وەک (وەرزش کردن) یان سێکس کردن (ئاوهاتنەوە(Ejaculation)) یان هەندێک جۆری دەرمان، دەبنە هۆی زیادبوونی کاتی لە ڕێژەی (PSA) دا.
PM:01:18:30/04/2025
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه