‌ئەم نیشانانه‌ ئاگادارت ده‌كه‌نه‌وه‌ پێویستە سەردانی پزیشكی ددان بكەیت

وێستگە ستایل-

ددان هاوشێوه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی‌ جه‌سته‌ ئه‌و كاته‌ی‌ گرفت و كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی ده‌بێت نیشانه‌ی‌ جیاوازی له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، له‌وباره‌یه‌وه‌ ‎دكتۆرە ڕۆشنا پزیشكی نەشتەرگەری دەم و ددان ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر ده‌دات له‌باره‌ی‌ ئه‌و نیشانانه‌ی‌ مرۆڤ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشكی ددان بكات.

1- ئازار و ھەڵئاوسان:
ئازار و ھەڵئاوسان لە ناوەوەی دەم، زۆرجار لە ڕووخسار و مل ئاماژەن بۆ پێویستی سەردانیكردنی پزیشكی ددان.
2-ھەڵئاوسانی پووك:
كاتێك پووكت ھەڵدەئاوسێت و دواتر لەكاتی شۆردنی ددان یاخوود بەكارھێنانی داوی ددان خوێنی لێدێت، پێویستە سەردانی پزیشكی ددان بكەیت.
3-ئەگەر نەخۆشییەكی درێژخایەنت ھەیە:
پزیشكی ددان بكە بە بەشێك لە دەستەی چارەسەرەییەكانت ئەگەر ھەندێك نەخۆشی وەكو ( شەكرە، نەخۆشییەكانی دڵ و كێشەی خواردن و ھەرسكردن)ت ھەیە، ھەروەھا لە كاتی وەرگرتنی  چارەسەری كیمیایی، تیشك و ھۆڕمۆنی پێویستت بە سەردانیكردنی پزیشكی ددان دەبێت.

4-دووگیانی:
سەردانیكردنی پزیشكی ددان لە ماوەی دووگیانییدا نەك تەنھا تەندرووستە، بەڵكو پێویستیشە، چونكە لە كاتی دووگیانیدا لە ئەنجامی گۆڕانكاری لە ڕێژەی ھۆڕمۆنەكاندا دەكرێت ھەندێك كێشە بۆ دەم و ددانی دایكەكە درووست ببێت كە دوور نییە دواتر كار بكەنە سەر تەندرووستی كۆرپەلەكەش.

5-بەكارھێنانی ھەر جۆرێكی تووتن:
جگەرە كێشان و بەكارهێنانی ھەر جۆرێكی تری تووتن دەكرێت ھۆكار بن بۆ زۆربەی كێشەكانی دەم و ددان وەكو كلۆری ددان، نەخۆشیەكانی پوك،  بۆنی ناخۆشی دەم و كلسی ددان.

6-برینی ناودەم:
ئەگەر ھەست دەكەی لە ناودەمتدا شتێكی نائاسایی یاخوود برینێك ھەیە باشترە پزیشكەكەت ئاگاداربكەیەوە و پشكنینت بۆ بكات، چونكە زۆربەی برینەكانی ناودەم ئاماژەن بۆ بوونی نەخۆشییەك.

7-تەنانەت ئەگەر ھیچ نیشانەیەكیشت نەبوو:
بۆ سەردانیكردنی پزیشكی ددان پێویست نییە ھەمیشە ھەست بە ئازارێك بكەین، بەڵكو پێویستە بۆ پشكنینی تەندرووستی دەم و ددانمان سەردانی پزیشكەكەمان بكەین، لەبەرئەوەی زۆرجار نەخۆشی و بارودۆخە نەخوازراوەكان لە سەرەتادا بێ نیشانەن و كاتێك نیشانەكانیان دەردەكەون كات بۆ چارەسەكردنیان درەنگ بووە.


PM:05:01:04/10/2023


ئه‌م بابه‌ته 1980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌