‌دوای 16 ساڵ چەند نهێنییەک دەربارەی مردنی مایکل جاکسۆن ئاشکرادەبێت

وێستگە ستایل-

ئاشکرابوونی چەند زانیارییەکی نوێ لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادی ئەستێرە و گۆرانیبێژی ناوداری جیهانی مایکل جاکسۆن هەمووانی سەرسامکردووە، بەو پێیەی دەرەنجامەکان بە جۆرێکن کە چەند ڕاستییەک دەردەخەن دەربارەی کێشە تەندروستییەکانی ئەو ئەستێرە ناودارە کە پێدەچێت لە خەڵکی شاردبێتەوە بەر لە کۆچکردنی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی "Mirror"ی بەریتانی، لە ڕاپۆرتەکەی پزیشکی داد ئاماژە بە هەبوونی چەندین شوێن برینی هەمەجۆر کراوە لەسەر تەواوی جەستەی مایکل جاکسۆن کە دەکرێت نیشانە بن بۆ جەنگێکی درێژخایەنی ئەو ئەستێرەیە لەگەڵ ئازاری درێژخایەن، بێخەوی و ئالوودەبوون بە دەرمان.

جێگەی باسە لە هەمان ڕاپۆرتدا باس لەوە کراوە کە کێشی لەشی ئەو هونەرمەندە تەنها 55 کیلۆگرام بووە لە کاتی مردنیدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پاپەندبوونی جاکسۆن بە ڕێجیمێکی خۆراکی قورس، نەشتەرگەری جوانکاری و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە بینینی چەندین جێگە برینی قووڵ کراوە لەسەر قۆڵەکانی، ڕانی و شانی، پێدەچێت هۆکارەکەی بەکارهێنانی دەرزی ئازارشکێنی زۆر بەهێز بووبێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئازاری درێژخایەن و کەمخەوی.

وەک دەزانرێت لە پاش مردنی ئەم ئەستێرەیە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2009 زانیارییەکان بە جۆرێک بڵاوکرانەوە کە هۆکاری مردنی مایکل جاکسۆن گەڕێندرایەوە بۆ زیادەڕەوی کردن و ژەهراویبوون بە دەرزی پرۆپۆفۆل.


PM:05:18:24/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌