گەزیزە: سلێمانی و کام یاد؟
وێستگە ستایل-
لە ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی هونەرمەندان و کەسایەتیە جیاوازەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکە بە شێوازی جیاواز پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ئەم یادە کرد، هاوکات بۆنە و مەراسیمی جیاواز تایبەت بەم یادە ڕێکخرا، لەو بارەیەوە خانمە هونەرمەند گەزیزە لە پەڕەی فەرمی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بۆچوونی خۆی سەبارەت بەم یادە نوسیوە.
ئەم خانمە دەڵێت: "نەمویست بۆ یادی ئەو شارەی کە بەردەوام بە برینداری ڕۆح دەمان هێڵێتەوە هیچ بنوسم، وەلێ زۆرێک لە وتە و بۆنەکانی یادەکە ناچاری کردم بپرسم ئەرێ گەنجێک، هەرزەکارێک، بە تەمەنێک، جگە لە قسەو پرسیار لە کفتە و یاپراخ و جلی کوردی ناپرسێت لە یادی ئەم ساڵەدا چی دەگوزەرێت لە شانۆ و هونەری سینەمای ئەم شارە چی لێهات؟".
گەزیزە نوسیویەتی"با من بپرسم مێژووی شانۆی ئەم شارە ئەوەندەی کفتەیەک بەهای نەبوو باس بکرایە کە بۆ وا بەجێماوە و پەردەکانی دادراونەتەوە؟ هونەری شێوەکاری و دیزاینی خشت و نەخشی سەردیوار کۆڵانە کۆنەکانی ئەم شارە هێندەی پێچانەوەی مەنجەڵێ یاپراخ ماندوبونی پێوە دیار نەبوو و شایستە نەبو ئاوڕێکی لێبدرێتەوە؟".
ئەم خانمە هونەرمەندە گلەیی هەیە لەوەی ڕودەدات سەبارەت بە هونەر لە شاری سلێمانی و دەڵێت" هێندە گوێمان لەڕازاندنەوەی یادی ئەم شارە بوو بەم قسانە بار تەقای ئەم هەمو قسە باق و بریقە دارە ئاگامان لە مێژوی خۆمان نەما، دەبوو خەڵکی ئەو شارە لەم یادەدا جوانترین و بە بەهاترین خزمەتگوزاری سەردەمیانەی پێ ببەخشرایە، هەمووان تەنها باسی خەڵکی شار دەکەن، من تێناگەم مەبەست لە خەڵکی شار چیە و کێن؟ بە نەزەری ئێوە کێ خەڵکی شارە و پاشان بۆ ناوی خەڵکی شار دەهێنرێت لە کاتێکدا لە پشت دیوارەکان وە هەموان ناڕازین و بە گلەیین لە هەمو ئەو گۆشە و جەمسەرانەی تیایا دەژین کەچی کە بۆنەیەکی وادێت هەموان بە چەپڵە و گۆرانی هەڵدەپڕن و بە دەنگی بەرز و دڵی خۆشەوە مایکی ڕاگەیاندنەکان دەلەرزێنن و کەسیش باکی نیە لە نەبوونی شانۆ و هونەری و فیستیفاڵ و نەبوونی مووچە و هەمو ئەوانەی دوای ئەوەش .... .ئەرێ حەکیمێک وەڵامی ئەم پرسیارەمان باتەوە؟".
گەزیزە عومەر عەلی ئەمین لە ساڵی (١٩٦١) لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، ھونەرمەندێکی شانۆکارە، لە (١٩٨٨) بەشی شانۆی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغداد تەواو کردووە، دواتر دەبێت بە بێژەری ڕادیۆی لە بەشی کوردی رادیۆی بەغداد، دواتر مامۆستای شانۆی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی، دوای چواردە ساڵ لە خزمەتی پەیمانگا ڕێژەی خزمەتەکەی دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری، ناوبراو بە یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی بواری شانۆ و سینەما دادەنرێت لە کوردستاندا و خاوەنی چەندین بەرهەمی شانۆییە وەک (دەرهێنەر، ئەکتەر، نووسەری تێکستی شانۆیی).
PM:12:43:18/11/2025
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه