‌پاش تێپەڕینی 11 ساڵ، جارێکی دیکە دەرکەوتەوە

وێستگە ستایل-

ئەکتەری میسڕی بواری کۆمیدیا باسم یوسف ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە لەسەر شاشەکانی ئەو وڵاتە دەرکەوتەوە، ئەم دەرکەوتنە نوێیەی باسم یوسف لە پاش تێپەڕینی 11 ساڵ دێت بەسەر کۆچکردنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەحمەد سەلیم لە پڕۆگرامی "Last Word" لەسەر شاشەی کەناڵی ONTV، ئەو ئەکتەرە وتی "بە دڵنیاییەوە بیری میسڕ دەکەم، ئەوە 11 ساڵ تێپەڕیوە و ئەوەی لە هزری مندا ماوەتەوە یادەوەرییەکانی میسڕی 2014 یە".

جێگەی باسە کەناڵی ONTV مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بە نیازی ئەنجامدانی زنجیرە چاوپێکەوتنێکن لەگەڵ باسم یوسفدا و ئەمە دەبێتە یەکەمین دەرکەوتنەوەی ئەو ئەکتەرە لە پاش تێپەڕینی 11 ساڵ.

وەک ئاشکرایە باسم یوسفی تەمەن 51 ساڵ بە توندی ڕەخنەی لە حکومەتەکەی ئەوکاتەی حوسنی موبارەک گرتووە و هەروەها ناسراوە بە گاڵتەپێکردن بە گروپی ئیخوان موسلیمین.


PM:06:14:08/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 1460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌