‌لە چەند وڵاتێک دیاردەی مانگ گیران ڕوودەدات

وێستگە ستایل-

گەردوونناسەکان پێشبینی دەکەن کە دیاردەی مانگی خوێناوی لە یەکشەممەی داهاتوودا لە میانەی مانگ گیرانی تەواوەتیدا دەبینرێت، ئەم دیاردەیەش بە ڕوونی لە کیشوەری ئاسیا و وڵاتە عەرەبییەکان هەستیپێدەکرێت، هەرچەندە دەکرێت لە کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئەفریقاش ببینرێت.

پسپۆڕان ئاشکرایدەکەن کە باشترین شوێن بۆ بینینی دیاردەکە هەریەکە لە وڵاتانی چین، هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، لە دیاردەی مانگی خوێناویدا ڕەنگی مانگ دەبێت بە سوور و لەبەر ئەم هۆکارەش بەو ناوەوە ناونراوە، ئەم دیاردەیە لە دەرەنجامی ئەوە دێت کە هەریەکە لە خۆر، زەوی و مانگ دەکەونە سەر یەک هێڵ بە دوای یەکدا، هەروەها مانگ لە دۆخی مانگ گیرانی تەواوەتیدا دەبێت.

یەکێک لە زاناکانی بواری فیزیای گەردوونی بە ناوی ڕایان میلیغان لە زانکۆی بلفاست ڕایگەیاند لە میانەی ڕوودانی دیاردەی مانگی خوێناویدا تاکە تیشک کە بگاتە مانگ تیشکی خۆرە کە سەرەنجام پەرچ دەبێتەوە و لە لایەن بەرگە هەوای زەوییەوە پەرت دەبێت.

وەک ئاشکرایە درێژی شەپۆلەکانی ڕووناکی شین کورتترن لە درێژی شەپۆلەکانی ڕووناکی سوو، هەر بۆیە ئاسانتر پەرت دەبن کاتێک بە بەرگە هەوای زەویدا تێپەڕدەبن.


PM:03:01:04/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌