‌دەزگای ناسا وێنەیەکی ناوازەی گەردوونی بڵاوکردەوە

وێستگە ستایل-

تیمێک لە گەردوونناسان وێنەیەکی ناوازەی گەردوونیان بڵاوکردۆتەوە کە لە شێوەی هەورێکی گازی گەورەدایە و هاوشێوەی دەستی مرۆڤە کە ئاڕاستەی هەورێکی سوری گەشاوەی بۆشایی ئاسمانی کردبێت.

ئەم وێنەیە بە هاوبەشی هەردوو ئاژانسی ناسای ئەمریکی و تەلیسکۆبی دەزگای ڕادیۆی ئوستوڕاڵی بڵاوکراوەتەوە، ئەو پەڵە هەورە گازانەی کە بەدیکراوە ڕووناکییەکی نوێی پاشماوەی تەقینەوەی ئەستێرەیەکە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەها ساڵ بەر لە ئێستا.



لە دڵی ئەم وێنەیەدا ئەستێرەیەکی نیوترۆنی دەبینرێت کە هاوشێوەی قەبارەی شارێکی بچووکە و تیرەکەی نزیکەی 12 میلە، بەڵام هەموو چرکەیەک 1 جار دەسووڕێتەوە بە دەوری خولگەکەی خۆیدا کە ئەمەش وای لێدەکات بوارێکی موگناتیسی پەیدابکات کە 15 ترلیۆن جار لە زەوی بەهێزتر بێت.

هەریەکە لە سووڕانەوە خێراکەی و بوارە موگناتیسییەکەی وای لێکردووە ببێتە یەکێک لە بەهێزترین تەنەکانی بۆشایی ئاسمان، جێگەی ئاماژەیە ڕەنگەکانی ئەم وێنە سەرسوڕهێنەرەی گەردوون تێکەڵەیەکە لە شین، پڕتەقاڵی و زەرد کە بە پێی تیشکەکانی X ی دەزگای ناسا بینراوە، هەروەها ڕەنگی سوور داتاکانی دەزگای ڕادیۆ نیشاندەدات، ڕەنگێکی ئاڵتوونیش بەدیدەکرێت کە ئاماژەیە بۆ گازی هایدرۆجین.


PM:03:04:24/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌