خانمە هونەرمەندێکی ناودار باری تەندروستی تێکچووە
وێستگە ستایل-
هونەرمەند و ئەکتەری بەناوبانگی کوێتی حەیات الفهد باری تەندروستی تێکچووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە، دوێنی چوارشەممە پەڕەی فەرمی ئەو خانمە هونەرمەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە میانەی بڵاوکراوەیەکدا هەواڵی نەخۆشکەوتنی ئەو ئەستێرەیەی بە هەوادارەکانی ڕاگەیاند و داوای نزای بۆ دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە یەکێتی نەتەوەیی کوێتی بۆ شانۆ و بەرهەمهێنانی هونەری هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستی حەیات الفهدی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند ئەو خانمە دووچاری جەڵدە هاتووە و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری وردی نەخۆشخانەدا چارەسەر وەردەگرێت، ئەو خانمە هونەرمەندە پێگەی جێگری بەڕێوەبەری ئەم دەزگا هونەرییەی هەیە.
لە هەمان بڵاوکراوەدا هاتووە پزیشکان بە تەواوی قەدەغەی سەردانیکردنی ئەم خانمە ئەکتەرەیان کردووە لە نەخۆشخانە هەتا ئەو کاتەی بە تەواوەتی تەندروستی جێگیر دەبێتەوە لە پێناو پاراستنی تەندروستی ئەو هونەرمەندە، هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی لەم کاتە هەستیارەدا.
حەیات الفهد خانمە هونەرمەندێکی گەورەی کوێتییە و لە بەرواری 18 ی نیسانی 1947 لە کوێت لەدایکبووە و ساڵانێکی زۆرە لە بواری هونەریدا خزمەت دەکات بە نوسینی دەقی سیناریۆی دراما و هەروەها ڕۆڵگێڕان وەک ئەکتەری دراماکان، جێگەی ئاماژەیە ئەم خانمە بەشداری لە چەندین پرۆگرامی تەلەڤیزیۆنیدا کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتە.
PM:03:52:14/08/2025
ئهم بابهته 788
جار خوێنراوهتهوه