‌لە ڕووداوێکی نامۆدا منداڵێک لە ناو جانتایەکدا دۆزرایەوە

وێستگە ستایل-

پۆلیسی وڵاتی نیوزلەندا لە ڕووداوێکی نامۆدا منداڵێکی لە ناو جانتای خانمێکدا دۆزییەوە کە حەشاردرابوو.

خانمێکی تەمەن 27 ساڵ لە لایەن پۆلیسی نیوزلەنداوە دەستبەسەرکرا بە تۆمەتی شاردنەوەی منداڵێک لە ناو جانتایەکدا بە مەبەستی گواستنەوەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە ناوچەی Northland ی باکوری ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "New Zealand Herald" شۆفێری پاسەکە هەستی بە جووڵەی نامۆی جانتای خانمە 27 ساڵەکە کردووە لە کاتی وەستانی لە یەکێک لە وێستگەکاندا، پاشان خانمەکە داوای لێکراوە جانتاکە بکاتەوە بە مەبستی پشکنین و لەگەڵ کردنەوەی جانتاکەدا کچێکی تەمەن 2 ساڵ دەرکەوتووە.

منداڵەکە تایەکی بەرزی هەبووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە بە مەبەستی پشکنینە پزیشکییەکان، خانمە 27 ساڵەکەش بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵ لە ئێستادا دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.


AM:11:45:05/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌