ئابڕووچوونێکی هوونەری لە میسڕ
وێستگە ستایل-
دەرکەوتنی تابلۆیەکی هوونەری لە یەکێک لە پڕۆگرامە تەلەفزیۆنییە بەناوبانگەکانی میسڕ بە ناوی "معكم منى الشاذلي" هەرا دەنێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت پێشکەشکاری پڕۆگرامە هوونەرییەکە خانمە هوونەرمەند مەها صەغیر بانگهێشت دەکات.
ئەم خانمە 45 ساڵە هاوسەری پێشووتری ئەکتەری بەناوبانگی میسڕی ئەحمەد سەقایە، هاوکات پێشکەشکار و دیزاینەری جلووبەرگە، لە چوارچێوەی پڕۆگرامەکەدا ئاماژە بە خوولیاکانی خۆی دەکات لە بواری وێنەکێشاندا وە تابلۆیەکی هوونەری پیشان دەدات، ڕایدەگەیەنێت کە خۆی کێشاویەتی.
بەڵام دوا بە دوای پڕۆگرامەکە هەوادارەکانی ئەم خانمە شۆک دەبن بەوەی خانمێکی وێنەکێشی دانیمارکی بە ناوی "لیزا لاش نیڵسن" لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەی هەمان تابلۆ بڵاودەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو تابلۆیە هی ئەوە و لە ساڵی 2019 کێشاوێتی، ئەم وێنەکێشە لەسەر ئەم بابەتە هاتۆتە دەنگ وە نووسیوێتی" مایەی شانازییە کە تابلۆیەکی هوونەریم لەسەر یەکێک لە بەناوبانگترین کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی وڵاتی میسڕ دەربکەوێت کە دەکرێت 140 ملیۆن دانیشتووانی ئەو وڵاتە بیبینن بەڵام بەداخەوە کە پێشکەشکارێک کردووێتی بە کاری خۆی و ناوی منی نەهێناوە".
لای خۆیەوە بەڕێوبەری کارەکانی پڕۆگرامی" معكم منى الشاذلي" هەر بە زووی لە میانەی بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا داوای لێبووردن دەکات و دان بە هەڵەکەیدا دەنێت و دەنووسێت ئەو تابلۆیەی کە دەرکەوتووە هی وێنەکێشی دانیمارکی لیزایە و ئێمە ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوونەکانی دەگرین.
PM:04:26:07/07/2025
ئهم بابهته 592
جار خوێنراوهتهوه