‌هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری توشبوون به‌ كیسی هێلكه‌دان

وێستگە ستایل-

کیسی هێلکەدان بریتیە تێکچونی هۆرمۆنەکان لە ئافرەتاندا، بەگشتی لەتەمەنی 15بۆ 44 ساڵیدا ڕودەدات، ئەو ئافرەتانەی توشی کیسی هێلکەدا ئەبن ڕەنگە لەکاتی خۆیدا نەکەونە سوڕی مانگانەوە و دوابکەوێت ، وە قورستر دەبێت بۆیان تا دووگیان ببن،دكتۆره‌ سۆزان پزیشکی نەخۆشییەکانی ژنان و مناڵبوون و نەزۆکی له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ر ده‌خاته‌ ڕوو.

هێلکەدان دەکرێت توشی کۆمەڵێک کیسی ورد بێت کە بە شلە پڕکراوەتەوە و لەم کاتەدا کرداری هێلکە تەقاندن لە هێلکەدانەوە ڕوونادات، لە ٪۷۰ ی ئەو ئافرەتانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نیە و نازانن.

لە نیشانەکانی توشبوون بە کیسی هێلکەدان:
بەگشتی پێویستە دوو یان زیاتر لەم نیشانانەت هەبێت 
1-ناڕێکی سوڕی مانگانە: 
دواکەوتن و ناڕێکی لە سوڕی مانگانەدا یەکێک لە نیشانە هەرە باوەکان، بۆنمونە ئەگەر سوڕی مانگانەکانت 35 ڕۆژیان زیاتری بەین بێت، لە ساڵێکدا لە9 جار کەمتر بکەویتە سوڕی مانگانە، وەخوێنی سوڕی مانگانەت زۆربێت.
2-بەرزی ڕێژەی ئەندرۆجین:
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی هەندێک نیشانەی جەستەیی وەکو، زیادبوونی مووی لەش و دەموچاو، دروستبوونی زیپکەیەکی زۆر، ڕوتانەوەی قژ.
3-دروستبوونی چەند کیسێک لە هێلکەدان: 
هێلکەدانەکان ڕەنگە گەورە ببن و کیسی تێدا دروست ببێت کە دەوری هێلکەکان دەدەن، سەرەنجام هێلکەدان بەباشی کاری خۆی ناکات.
وەنیشانەکان بەگشتی قورستر و توندتر دەبێت ئەگەر کەسەکە کێشی زۆربێت.

هۆکارەکانی توشبوون بە کیسی هێلکەدان
هۆکارە سەرەکییەکەی نەزاندراوە ، بەڵام لەو فەکتەرانەی کە ڕەنگە ڕۆڵیان هەبێت:
1-زۆر ڕژانی ئه‌نسۆلین لە لەش:
ئه‌نسۆلین هۆرمۆنێکە لە پەنکریاس دروست دەبێت  و ڕێگە بە خانەکان دەدات شەکر بەکاربهێنن، ئەگەر خانەکان بەرگریکار بوون بەرامبەر کاری ئه‌نسۆلین ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە و ئەمەش وادەکات لەش بڕێکی زیاتر لە ئه‌نسۆلین دروست بکات، کە ئەم ڕێژە ئه‌نسۆلینە بەرزە دەبێتە هۆی زیادبوونی دروستکردنی ئەندۆجین، بەمەش کێشە لە کرداری تەقاندنی هێلکە لە هێلکەدان دروست دەبێت. 

2-هەوکردنێکی کەم بۆ ماوەیەکی درێژ:
ئەمە ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خڕۆکە سپیەکانی خوێن و بەرزبوونەوەی مارکەرەکانی بەرگری لە لەش، ئەمەش هانی خراپترکردنی لایەنەکانی تری کیسی هێلکەدان ئەیات و ڕێژەی دروستکردنی ئەندۆجین زیاتردەکات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن.

3-بۆماوەیی، هەندێک تاقیکردنەوە دەریان خستووە کە بوونی هەندێک جینات ڕەنگە ببێتە هۆی کیسی هێلکەدان
4-بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەندرۆجین
هێلکەدانەکان بەشێوەیەکی ناسروشتی ڕێژەیەکی بەرز لە هۆرمۆنی نێرینه دروست دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیپکە و زیادبوونی موو .

کاریگەییە خراپەکان کە PCOS لەسەر لەش دروستی دەکات
-دواکەوتن و بە زەحمەت دووگیانبوون، توشبوون بە شەکرە و زەخت بەرزی لەکاتی دووگیانی.
- منداڵ لەبارچوون، یا منداڵبوونی پێشوەخت.
-هەوکردنی جگەر کە بەهۆی کۆبونەوەی ڕێژەیەکی بەرز لە چەوری لە جگەردا ڕودەدات.
- بەرزبوونەوەی زەخت و شەکرە و چەوری کۆلیسترۆل و چەوری سیانی کە ئەمەش مەترسی توشبوونت بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری ۲ زیاتردەکات.
- تەنگەنەفەسی لەکاتی خەوتندا
-خەمۆکی، قەلەقی و گۆڕانکاری لە شێوازی نان خواردندا 
-بوونی خوێنێکی ناسروشتی لە منداڵدانەوە و دروستبوونی کێشەکانی منداڵدان.

 چی کاتێک پێویستە سەردانی پزیشك بکەیت؟
پێویستە  پزیشك بتبینێت کاتێک گۆڕانکاری و ناڕێکیت لە سوڕی مانگانەدا بەدی کرد، وە کاتێک کە دووگیان بوونت دواکەوت و کێشەت هەبوو، وە هەرکاتێک نیشانەکانی بەرزی ئەندرۆجین هەبوو وەکو زیپکە، مووی زیادە، قژ ڕوتانەوەیەکی زۆر.


PM:02:49:28/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌