ئه‌و دادوه‌ره‌ كورده‌ی دادگایی سه‌دام حسێن-ی كرد سزا دراوه‌

‌رزگار محەمەد ئەمین

وێستگه‌ نیوز ـ

دادوەر لەتیف شێخ مستەفا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی دادگای تەمیز و ئەنجومەنی دادوەری سزای دادوەر رزگار محەمەد ئەمین دەدات كه‌ دادگایی سه‌دام حسێن-ی كرد.

لەتیف شێخ مستەفا، لە لاپەڕەی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە تۆڕی‌ کۆمەڵایەتی‌ فەیسبوک بڵاویکردوەته‌وە، دادوەر رزگار محەمەد ئەمین کە ئەندامی دادگای تەمیزەو یەکێکە لە دادوەرە لێھاتووە پیشەییەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق سزا دراوە.

ئاماژەی‌ بەوەشکردوە، ماوەیەکە ئەودادوەرە وەک ناڕازی بونێک لە کارەکانی ئەنجومەنی دادوەری، وەک ھەڵوێست وەرگرتنێک بایکۆتی دانیشتنەکانی دەستەی گشتی دادگای تەمیزی کردوەو تەنانەت داوای ئەوەی کردبوو بگوێزرێتەوە بۆ دادگاکانی حکومەتی فیدراڵ.

دادوه‌ر له‌تیف شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، "رۆژی چوارشەممەی رابردوو واتە ھەفتەیەک پێش ئێستا سەرۆکایەتی دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوێکی نھێنی و تایبەت سزای ئاگادار کردنەوەی بۆ دەرکردوە لەسەر ئەو ھەڵوێستی‌ ناڕازیبونەی‌.

لەکۆتای‌ نوسینەکەشیدا نوسیویەتی‌ "لەوە دەچێ دادوەری باش ئیتر لەکوردستان جێگای نەبێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی 5ی‌ تشرینی‌ دووەمی 2019، دادوەران و فەرمانبەرانی‌ فەرمانگەی‌ داواکاری‌ گشتی گەرمیان، بەهۆی‌ "دەستێوەردانی‌ حزبی‌ و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانی‌ ئەو ناوچەیەوە لە کاروبارەکانیان" مانگرتنیان راگەیاند.

هــ. ر


AM:08:46:07/11/2019


ئه‌م بابه‌ته 7380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو