بەڤیدیۆ.. پێشتر کەسوکاری تاریقی بەقاڵ لەکاتی دیارنەمانی چییان بە لاهور شێخ جەنگی ووت


 

وێستگە نیوز-
تیمێکی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی تەرمی ئەو کەسەیان دۆزییەوە کە پێش چوار مانگ ڕفێندرابو.

ئەمڕۆ یەک‌ شەممە لە ناوچەیەکی نزیک لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی لەلایەن تیمێکی بەڵگە و تاوانی سەر بە ئاسایشی سلێمانییەوە تەرمی کەسێک بەناوی "تاریقی بەقاڵ" دۆزرایەوە، ئەویش دوای ئەوەی باندێکی گەورەی تاوانکاری دەستگیرکران.

لیوا حەسەن نوری بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ئەو تیمەوە رایگەیاند "پێشتر ئەو باندە کەسێکیان بەناوی "تاریقی بەقاڵ"  و ئۆتۆمەبێلەکەیان فڕاندوە و دوای بەرگریکردنیشی لە خۆی و ویستنی بۆ ڕێگەگرتنی لەو تاوانە ئەو ئەندامانی ئەو باندە دوو فیشەکیان ناوە بە ڕانییەوە و دواتر کوشتویانە و ژێر خاکیان کردوە".

کەسوکاری تاریقی بەقاڵیش پێشتر دەزگای ئاسایشی سلێمانی و دژە تیرۆریان بە هۆکاری دیارنەمانی کوڕەکەیان ناو بردبو، بەڵام ئێستا کەسوکارەی زۆر سوپاسی ئاسایش دەکەن و دەشڵێن "هاوکاری و هەوڵەکانی ئاسایش پێچەوانەی گومانەکانی ئەوان بوە".

بەپێ ڤیدیۆیەکیش کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵ، کەسوکاری ئەو گەنجە کوژراوە ، بە لاهور شێخ جەنگی دەڵێن "چۆن دەبێت ئێوە چارەنوسی کوڕەکەمان نەزانن".

لاهور شێخ جەنگیش لە وەڵامدا دەڵێت "نابێت ئێمە تاوانبار بکرێن بەڕفاندنی ناوبراو، بەڵکو ئێمە هەموو هێزەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی تاریق و بۆ ئێمەش زۆر ناخۆشە کە کەسێک لەژێر دەسەڵاتی ئێمە دیار نەمابێت".

هاوکات هەر ئەمڕۆ د. ئەحمەد حەمە ئەمین پورزای ئەو کەسەی ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە بە وێستگەنیوزی راگەیاند "ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە خزم و کەسی ئێمەیە، ناوی تاریق رۆستەم حەمە ساڵحە و ماوەی نزیکەی ١١٠ ڕۆژە ڕفێندراوە و لەشاری سلێمانی و تا ئێستاش هیچ هەواڵێمان لەبارەیەوە نەبوە".

د. ئەحمەد حەمە ئەمین ئاماژەی بەوەشدا "سەرەتا وەکو کەسووکاری تاریق گومانمان وابوە لەلایەن ئاسایش یان دژی تیرۆرەوە ڕفێندرابێت چونکە هیچ مەعقول نییە لەشارێکی وەک سلێمانیدا ئەو ماوە زۆرە کەسیک ڕفێندرابێت و دەزگا ئاسایشەکان هیچ نەزانن لەبارەیەوە".

د. ئەحمەد وتیشی "سوپاسی دەزگا ئەمنییەکان دەکەین کە توانیان ئەو تاوانبارانە دەستگیر بکەن و هیوادارین بە توندەی سێوە سزا بدرێت".

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی ١١٠ ڕۆژی تەواوە گەنجێک بەناوی تاریق کە پیشەی میوە فرۆش بوە لە شاری سلێمانی ڕفێندرابو و ئەمڕۆش تەرمەکەی لەژێر خاکدا دۆزرایەوە کەلەلایەن باندێکەوە ڕفێندرابو.
هـ ـ ب


 


PM:01:27:07/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 89300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو