وتەبێژی سۆسیالیست: بەشێك لە چەكەكانی نمایشە سەربازییەكە لە شەڕی داعش دەستمان كەوتوون

‌بەختیار كەریم

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
وتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەشێك لەو چەكانەی لە نمایشی سەربازی ساڵیادی حزبەكەیان نمایشیان كردن لە شەڕی دژی داعش دەستیان كەوتوون، سەبارەت بەوەشی زۆرجار پێیان دەوترێت "دوكانی سیاسین" دەڵێت "ئەوەی بە ئێمە دەڵێت دوكانی سیاسی، دەركەوت خۆیشیان سۆپەرماركێت و مینی ماركێتی سیاسی بوون".


دوێنێ لە گوندی گوڵەخانە لە ناوچەی شارەزوور، یادی 42 ساڵەی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كرایەوە و نمایشێكی سەربازیش ئەنجامدرا كە چەندین جۆر چەكی تیادا بەكارهات، ئەو نمایشەش دەنگدانەوەی زۆری دروستكرد.

بەختیار كەریم، وتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی وێستگە نیوز، باسی چەكە نمایشكراوەكان و بەرنامەی تازەی حزبەكەیان دەكات.

وێستگە نیوز: وەكو حزبی سۆسیالیست بەرنامەتان بۆ ساڵیادی نوێی حزبەكەتان چییە؟

بەختیار كەریم: وەكو حزبی سۆسیالیست یادی 42 ساڵەی حزبمان كردەوە، حزبەكەمان ئەو كاتە لەسەر میتۆدێك كە پێیوابوو لەڕێگەی خەباتی چەكدارییەوە دەتوانێت مافەكانی كورد بەدەست بێنێت دامەزراوە، لەو سۆنگەیەشەوە یەكەم چەخماخەی شۆڕشی نوێ لەسەر دەستی حزبی سۆسیالیست بەرجەستە بوو، لە ساڵیادەكەشدا نمایشێكی سەربازی بۆ پێشمەرگەكانمان سازكرا، دیارە لە كاتی شۆڕشی شاخ و راپەڕینی گەلی كورد و پاشانیش شەڕی داعشدا كاریگەریمان هەبووە.

لە ساڵیادی حزبەكەماندا پڕۆژەیەكی تایبەتیمان هەیە بۆ رێكخستنەوەی حزب بڕیارمان داوە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەی حەوتەم ببەستین و بەمیكانیزمی نوێ كار بكەین.

وێستگە نیوز: ئێوە مێژوویەكتان هەیە، بەڵام زۆرجار دەوترێت هەندێك حزبی هەن لە كوردستان بوونەتە "دوكانی سیاسی"، ئەو قسەیە بەئێوەش دەوترێت، ئێوە "دوكانی سیاسی"ین؟

بەختیار كەریم: بەدڵنیاییەوە كاتێك حزبی سۆسیالیست دروستبوو چەندین نەیاری بۆ دروستبوو، ئێستاش نەیارەكانمان ناووناتۆرەی جۆراجۆریان بۆ داڕشتووین، ئێمە خاوەنی هەڵوێست و میتۆد و بەرنامەی خۆمانین، پشتبەستن بە رێكخستن و پێشمەرگە دێرینەكانمان و بنەماڵەی شەهیدانمان توانیویانە كاریگەری جددی لەسەر دۆخی عیراق و كوردستان دابنێین، بۆیە بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستاش بەهۆی ململانێ سیاسی و هەژمونی حزبایەتییەوە كاریگەری لەسەر ململانێی سیاسی حزبەكان هەیە.

ئەوەی بە ئێمە دەڵێت دوكانی سیاسی، دەركەوت خۆیشیان سۆپەرماركێت و مینی ماركێتی سیاسی بوون، دەركەوت ئێمە لە هەڵوێستەكانمان لە شۆڕشی نوێ و بەرامبەر داعش كاریگەریمان هەبووە و توانیومانە ئەو پڕوپاگەندانەی بەرامبەر حزبەكەمان دەكرێت بڕەوێنینەوە.

وێستگە نیوز: وتت كاریگەریتان هەیە، كاریگەری لە چ روویەكەوە لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی كورسیەكن و لە حكومەتی هەرێمیشدا بەشدار نین، كەواتە دەبێت كاریگەریتان چی بێت؟

بەختیار كەریم: ئێمە وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا نەیاری زۆرمان هەبووە و چەندین پلانی جۆراوجۆریش لە شاخ و بەمدواییانەش هەر لەدژی حزبی سۆسیالیست بەرپا بووە، بەڵام بەپشتبەستن بە ئەندام و كادیرانمان توانیومانە گۆڕانكاری بكەین.

راستە لەڕووی ژمارەوە رەنگە لەئاستی پێویست نەبین، بەڵام لەڕووی هەڵوێستەوە ئەوانەی خاوەنی چەندین كورسی بوون نەیانتوانیوە یەك پێشمەرگەیان بنێرنە شەڕی داعش، ئێمە هەڵوێستی نەتەوەییمان هەبووە.

حزبی دیكە كە دروستبوون لەبەر دۆخەكە یان شەپۆلی ناڕەزایی دروستی كردوون نەیانتوانیوە بەقەد ئێمە كاریگەریمان هەبێت و لەدۆخەكە بەشداری بكەن، بۆیە ئەو پڕۆژەیەی كە هەمانە بۆ خزمەتكردنی جەماوەر هەر بەردەوام دەبین، بۆ پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش لەگەڵ پارتی و یەكێتی خاڵی هاوبەشمان زۆرە وەك لەو حزبانەی دۆخە سیاسییەكە دروستی كردوون.

وێستگە نیوز: باسی پارتی و یەكێتیت كرد، زۆرجار پێتان دەوترێت پاشكۆی پارتی، لەو بارەیەوە بۆچوونتان چییە؟

بەختیار كەریم: ئێمە بەرنامەی تایبەتمان هەیە و راستە رەنگە لەگەڵ لایەنێكی سیاسی دیاریكراو خاڵی هاوبەشمان هەبێت و لەگەڵ لایەنێكی دیكە خاڵی هاوبەشمان نەبێت، لەگەڵ پارتی تەنها خاڵی هاوبەشمان هەیە، بەڵام لە بڕیارداندا سەربەخۆین، ئەگەر پارتی بووینایە دەچووینە نێو پارتییەوە، بەڵام سەربەخۆین، لە پەرلەمانی عیراق و كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ بەشداربووین.

وێستگە نیوز: لە ساڵیادی حزبەكەتان لە گوندی گوڵەخانە نمایشی سەربازیتان كرد، ئێوە چۆن بوونە خاوەنی ئەو هێز و چەكانە؟

بەختیار كەریم: ئێمە باوەڕمان بەخەباتی چەكدارییە و ئێستاش باوەڕمان وایە ئەو مافانەی گەلی كورد لەڕێگەی خەباتی چەكدارییەوە بەرجەستە دەبێت، دیارە ئەوەش لەو سۆنگەیەوە دەبێت ئەو نمایشەمان كرد و ساڵی رابردووش كردوومانە.

وێستگە نیوز: مەبەستم لە چەكەكانتانە كە چەكی قورسن و لە كوێتان بوو؟
بەختیار كەریم: وەكو باسمكرد بەشداری كارای شەڕی داعشمان كردووە و ئەو چەكانەشمان بەخوێنی پێشمەرگەكانمان لە شەڕی داعش دەستمان كەوتوون و زۆربەی هی داعشە و ئەوانەی پێویستییان بە چاكسازی هەبووە چاكسازیمان تێدا كردوون.

وێستگە نیوز: ئەی بۆچی ئەو چەكانەتان رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە نەكردووە و لای خۆتان هێشتووتانەتەوە؟

بەختیار كەریم: ئێمە پێشمەرگەكانمان بەشێكن لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەوێ فەرمانیان پێدەكرێت.

وێستگە نیوز: واتە چەكەكانیشتان موڵكی وەزارەتی پێشمەرگەن نەك هی حزب؟

بەختیار كەریم: بەدڵنیاییەوە، ئێمە دەزگای كاروباری پێشمەرگەمان هەیە و بەشێك لەو دەزگایەش لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەو چەكانەی هەمانە بەشێكی هی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

وێستگە نیوز: زۆرجار بەپێشمەرگەی لایەنەكان دەوترێت میلیشیا، ئەوانەی ئێوەش میلیشیان؟

بەختیار كەریم: پێشتریش ئاماژەم پێدا حزبی سیاسی هەیە ژمارەیەكی زۆر كورسی هێناوە و وەكو پێشمەرگەش رەنگە لە ئێمە زیاتر پێشمەرگەی بۆ دابینكرابێت بۆ بارەگا و رێكخستن و ئۆرگانەكانیان، بەڵام ئێمە ئێستاش باوەڕمان بە خەباتی چەكدارییە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد، بەڵام پێشمەرگەمانمان میلیشیا نین، بەڵكو لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 رێكخراونەتەوە.

وێستگە نیوز: باسی كۆنگرەی حزبەكەتان كرد، بەنیازن جارێكی دیكەش محەمەدی حاجی مەحمود وەكو سكرێتر هەڵبژێرنەوە؟

بەختیار كەریم: جەنابی كاك محەمەدی حاجی مەحمود لەكۆنگرەكانی پێشتریش داوایكردووە كەسێكی دیكە جێگەی بگرێتەوە، بەڵام بەكۆی دەنگی هەڤاڵان دیاریكراوە بۆ سكرتێر، لەم دۆخەشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەپێشمانە و دواتر كۆنگرە دێتە پێشەوە، بەڵام لەم دۆخەدا كاكە محەمەدی حاجی مەحمود گونجاوترە بۆ ئەو پۆستە.

وێستگە نیوز: ئێستا دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلول لەئارادایە، رای ئێوە بۆ ئەگەری دواخستنی؟

بەختیار كەریم: دواخستنی هەڵبژاردن بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە و دەبوو ساڵێك پێش ئێستا هەڵبژاردن بكرایە، بۆ هەڵبژاردنیش ئامادەسازیمان كردووە.

وێستگە نیوز: ئێوە لەگەڵ یەكێتی نەتەوەیی و پارتی كرێكاران و رەنجدەران هاوپەیمانی (سەردەم)تان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكهێناوە، پێشبینی چەند كورسی دەكەن؟

بەختیار كەریم: بۆ ژمارەی كورسی ناتوانین پێشبینی بكەین، بەڵام ئومێدمان وایە سەركەوتنی باشتر بەدەست بێنین.

هــ. ر


PM:02:02:09/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 28698 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت