شوان عەتوف نهێنی تاتۆكەی سەر قۆڵی ئاشكرادەكات

‌شوان عەتوف، شانۆكار و دەرهێنەر



وێستگە- هێڤی خالید 

لەدوای زیاتر لە سێ هەفتە پرۆڤەكردن بۆ نمایشی شانۆی (تەپڵ و بەرد)، ئەو شانۆیە لەلایەن هونەرمەند شوان عەتوف نیشمایشدەكرێت، تێیدا یادەوەری‌ بەند بێژێك دەگێڕێتەوە كە لە رۆژگاری‌ شەڕی‌ ناوخۆ بەرەو وڵاتانی‌ ئەوروپا كۆچ دەكات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ  نیشتمان وەك مرۆڤێكی‌ بێ‌ شوناس.

عەتوف، وێنەی كچێكی لەسەر قۆڵی كێشاوە و  نهێنی ئەو وێنەیەی سەرقۆڵی بۆ وێستگە ئاشكرا دەكات و دەڵێت "ئەو تاتۆیەی لەسەر قۆڵم كێشاومە وێنەی كچێكە بەناوی (خونچە) یەكێكە لەكچە هەژارەكان و پێش ڕاپەڕین پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ( تایەر حامید ) هەبووە كە ناسراوە بە( تالەی دەربەدەر ) ئەو بەندبێژەیە كەلە رۆژگاری شەڕی ناوخۆ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا كۆچ دەكات". 

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد "ئەو تاتۆیەی لە ژێر چاومەوە كێشاومە نەخشەی كوردستانی گەورەیە و پێم باشە كە بینەران لە كاتی نیشمایشی شانۆگەریەكە خۆیان وێنایەك لە مێشكیاندا بۆ ئەو وێنەیان بدۆزنەوە، چونكە ئەو نمایشە لە بەشێكیدا باس لە بێ شوناسی كارەكتەری كوردیدەكات لە مێژوودا كە سنورێكی نیە و نەیتوانیوە بە ئازادی بژی". 

ئاشكراشیكرد كە، لەدوای راپەڕینەكەی ساڵی 1991ی كوردستان ماڵی خونچە دەوڵەمەند دەبن و دڵی تالە دەشكێنێت، بەشێك لەو هۆكارانەی كە تالە ئەم وڵاتەی بە جێهێشتووە پەیوەندی بە خونچەوە هەیە. 

شانۆیی (تەپڵ و بەرد) یادەوەری‌ بەند بێژێكی‌ دەگێڕێتەوە كە لە رۆژگاری‌ شەڕی‌ ناوخۆ بەرەو وڵاتانی‌ ئەوروپا كۆچ دەكات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ  نیشتمان وەك مرۆڤێكی‌ بێ‌ شوناس. 

ئەم شانۆگەریە كارێكی‌ سیاسی‌ كۆمەڵایەتیە و رەخنەی‌ توند لە دۆخی‌ سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان دەگرێت، هەروەها بانگەشەیە بۆ بەخشینەوەی‌ ئیرادە بە مرۆڤی‌ كورد پاش ئەوەی‌ سیاسەت و حزب رۆحی‌ مرۆڤی‌ كوردی‌ كوشت. 

وابڕیارە شانۆگەریەكە لە 15ی‌ مانگی‌ داهاتوو و رۆژانی‌ دوایی لەهۆڵی هونەرە جوانەكانی سلێمانی‌ نمایش بكرێت.  

ئەم شانۆگەریە لە نووسین و دەرهێنان و نواندنی‌، شوان عەتوفە و یاریدەدەری‌ دەرهێنەر ژیار عوسمان، كاری‌ فۆتۆ و میدیا سەركۆ كەمال، بەڕێوەبەری‌ بەرهەم، دیدار كەمال ئەنجام دەدرێت.

شانۆگەرییەكە هەر یەك لە وێب سایتی‌ وێستگە و ماڵی‌ چالاك و ئەپ تاون جاز، كۆوپ تۆرن بەرانان، كۆمەڵەی‌ هونەرە جوانەكانی‌ كوردستان، سپۆنسەری‌ دەكات.

شوان عه‌توف ناوی‌ شانۆگه‌ریه‌كه‌ی‌ ئاشكراكرد




PM:06:02:28/03/2016


ئه‌م بابه‌ته 6535 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت