جۆرێكی نوێی كۆرۆنا نیگه‌رانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

رۆژنامه‌ی "میرۆر"ی به‌ریتانی به‌ پشت به‌ستن به‌ راپۆرته‌ زانستییه‌كان، جه‌خت له‌ بوونی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ "راگرتنی ئه‌سته‌متربێت" و دژ به‌ ڤاكسینه‌كانی ئێستا به‌رگرییه‌كی زیاتری هه‌یه‌.

ئه‌م جۆره‌ نوێیه‌ پێیده‌وترێت FLiRT، له‌ ئێستا پێده‌چیت له‌ سه‌دا 25% تووشبووانی كۆرۆنا له‌ ئه‌مریكا، له‌م جۆره‌ نوێیه‌ بێت.

لای خۆیه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی "ده‌یلی ستار" ده‌ڵێت: "گۆڕاوێكی دیكه‌ی ڤایرۆسی كۆرانا هه‌یه‌ پێیده‌وترێت KP.1.1 و نزیكه‌ی له‌ سه‌دا 7.5% تووشبووانی كۆرۆنا له‌ ئه‌مریكا له‌م گۆڕاوه‌ نوێیه‌یه‌ و مه‌ترسی ئه‌وه‌شی لێده‌كرێت له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی جیهاندا بڵاوببێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، وته‌بێژی سه‌نته‌ری ئه‌مریكی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشی رایگه‌یاند: "ڤایرۆسه‌كان له‌ میانه‌ی بازدانه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وام گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، هه‌ندێكجار له‌ ئه‌نجامی ئه‌و بازدانه‌، جۆرێكی نوێ له‌ ڤایرۆس دروست ده‌بێت، هه‌ندێك له‌ گۆڕانكارییه‌كان و بازدانی ڤایرۆسه‌كان، رێگه‌ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسانتر بڵاوببنه‌وه‌ یان وا ده‌كات ڤایرۆسه‌كه‌ زیاتر به‌رگه‌ی ده‌رمان و ڤاكسینه‌كان بگرێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، له‌وانه‌یه‌‌ به‌ جۆرێك بگۆڕدرێت، راگرتنی ئه‌سته‌م بێت".

له‌ هه‌مان ئه‌م سیاقه‌دا، ئه‌ریك تۆبۆل جێگری سه‌رۆكی سه‌نته‌ری "سكریبس" بۆ توێژینه‌وه‌ كه‌ ئاگاداری جۆره‌ نوێیه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌، ده‌ڵێت ئه‌م جۆره‌ نوێیه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌، به‌رپرسه‌ له‌ "زیادبوونی زۆری" حاڵه‌ته‌كانی نه‌خۆشییه‌كه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌كردندایه‌، به‌ڵام نیشانه‌كانی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌، تا راده‌یه‌كی زۆر هه‌مان نیشانه‌ن. 

ئاشكرایه‌ نیشانه‌كانی تووشبوون به‌ كۆرۆنا، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌‌ له‌خۆده‌گرێت: به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی، له‌رزوتا، كۆكه‌ی به‌رده‌وام، له‌ده‌ستدانی هه‌ردوو هه‌ستی بۆنكردن یان تامكردن، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی، هه‌وكردنی قوڕگ، لوتگیران یان زیادبوونی ئاوی لوت، نه‌مانی ئیشتیهای خواردن، سكچوون.


PM:09:02:08/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو