شاسوار عەبدولواحید بۆ وێستگەنیوز: ئەگەر بمانەوێت وڵات پێشبکەوێت دەبێت رێگە لە رەخنە نەگرین


وێستگەنیوز_ هێڤار

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سەردانێکیدا بۆ سەنتەری میترۆ و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی لە هەندێک پرسی هەنووکەیی کرد. 

ئەمرۆ یەکشەممە 27ـی 11ـی 2022، شاسوار عەبدولواحید سەردانی سەنتەری میترۆی کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان و بەشێک لە رۆژنامەنووسانی میدیا جیاوازەکانی راگەیاندندا بوو.

لە وەڵامی پرسیاری لەنیا بەختیار، پەیامنێری وێستگەنیوز کە پرسی: تۆ تا رادەیەک لەگەڵ رۆژنامەنووساندا نزیکیت و لە کۆنگرەکانتدا وەڵامی پرسیارەکانیان دەدەیتەوە، بەڵام هەندێکیان تووشی سزا بوون بەهۆی پرسیارکردن لە بەرێزت یاخود وەڵامی تۆوە، وەکو قەرەبوویەک چیت بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە کردووە؟ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سەرەتادا بە پێکەنینەوە وتی "با بێن بۆلای ئێمە هەلی کاریان بۆ دەرەخسێنین. دواتر ئاماژەی بەوەشکرد، "رۆژنامەنووس ئاساییە هەندێک هەڵە بکات و سزاش بدرێت، بەڵام نەک ئەوەی دەربکرێت. تەنها لەو کاتەدا دەبێت دەربکرێت کە کار بۆ دەزگایەکی دیکە بکات بە نهێنی و پێموابێت ئەوەش هیچ میدیایەک قبوڵی ناکات.  جەختیشی کردەوە لەوەی، رۆژنامەنووس دەبێت زانیاری باشی هەبێت. ئەگەر بمانەوێت وڵات پێشبکەوێت، رۆژنامەنووس، نوخبە، نووسەر و رۆشنبیر دەبێت رەخنە بگرێت."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی لە کۆبوونەوەکەی دوکان پێشنیاری پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی سیاسی دراوە، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، هیچ باوەرمان پێی نییە و باوەرمان بە دیوانی حزبەکان نییە. ئێمە کار بۆ بەهێزکردنی موئەسەساتی حکومی و پەرلەمان دەدەین و ئامانجمان ئەوەیە.

دەبارەی پرسی نەخۆشکەوتنی کازم فاروق، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بابەتە "هیچ" پەیوەندی بە منەوە نییە. ئەوەی لەسەرمە، ئەگەر پێویستی بە من بێت هاوکاری بکەم و بڵێم "چیت پێویستە بە چاوان هاوکاریت دەکەم."

شاسوار عەبدولواحید لە بارەی پشکەکانی چاڤی لاند-ەوە وتی، ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەکی موساهەمەیە و کاتی خۆی کە قەرزێکی کردووە؛ زەوی داناوە لە بری قەرزەکە، ئێستاش حکومەت دەتوانێت بچێت ئەو زەوییانە بفرۆشێت و قەرزی خۆی وەربگرێت هەرچەندە "پەیوەندی بە منەوە نییە."

دووپاتیشیکردەوە کە، ئەو بابەتی قەرزانە هیچی "راست نییە".  کە مردم چاڤی لاند نابەمە گۆڕەکەمەوە، بەڵکو بۆ سلێمانی بەجێ دەهێڵم. 

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکرد، پێم دەڵێن ماوەی پێنج ساڵە هاتووەتە سیاسەتەوە بەڵام قەرزارە و هیچی پەیدا نەکردووە، "من سوپاسیان دەکەم کە دەیسەلمێنن هیچم نەدزیوە بە ناوی سیاسەتەوە. ئامانجیشمان ئەوەیە زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنین و خزمەتی خەڵک بکەین."


PM:12:36:27/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت