بێگهرد تاڵهبانی: 500 ههزار نهمام بۆ پهرژینی باخهكانیان دهبهخشینه جووتیاران
بێگەرد تاڵەبانی
وێستگهنیوزـ
وەزیری کشتوکاڵ و سهرچاوهكانی ئاوی حكومهتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نێوان 250 هەزار بۆ 500 هەزار نەمام دەبەخشنە جووتیاران بۆ پەرژینی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، داواشیکرد کاتێک قوتابی دەخرێتە قوتابخانە، لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیدا نەمامێک بچێنێت.
لە ئیڤێنتێکدا بە ناوی "هەڵمەتی نیشتمانی بۆ دار و درەخت چاندن کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، باسی لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کرد و وتی: "پێویستییەکی هەنووکەییە لەمکاتەدا هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ سەوزکردن و چاندنی نەمام و درەخت رابگەیهنین".
وەزیری کشتوکاڵ داوایکرد نەمام چاندن بکرێتە کولتوور، لهو بارهوه وتی، "ئەوەش تەنیا بە ئەرکی حکوومەت نازانن و بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەواو پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، "دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین".
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشنیازیکرد کە لەکاتێکدا منداڵان دەخرێنە قوتابخانە، نەمامێک لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیاندا بچێنن و وتیشی: "با لە بۆنە کۆمەڵایەتیی و نیشتمانییەکاندا نەمام چاندن بکەینە کولتوور، جووتیارەکانمان لە جیاتی پەرژین بە بلۆک و چیمەنتۆ و کەڵەکە بەرد، بە درەخت پەرژین بکەن".
بە وتەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵانە سەدان هەزار نەمامی نەمامگەکانی بەسەر جووتیاران، قوتابخانەکان و هاووڵاتییان و شوێنە گشتییەکاندا دابەش کردووە و بەردەوام هاوئاهەنگی هەبووە لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەتەکان بۆ پێدانی نەمام.
لە بەردەوامیی وتارەکەیدا، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد کە هەندێکجار ئەو نەمامانەی چێندراون، دواتر بەهۆی پشگوێخستنیانەوە وشکبوون یان سووتێندراون، بەڵام ئەمجارە دەیانەوێت لەگەڵ راگەیاندنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا هەموو پێکەوە بەرپرسیاریێتیی چاندن و پاراستن لە ئەستۆ بگرن.
لەگەڵ راگەیاندنی هەڵمەتەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان وتی، لە هەڵمەتەکەدا 250 هەزار بۆ 500 هەزار نەمام دەبەخشنە جووتیارەکان بۆ پەرژینی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و داوای هاوکاری و هاوئاهەنگیشی لە هەموو لایەنە حکوومییەکان و هاووڵاتیان کرد.
PM:01:43:14/08/2022
ئهم بابهته 2084
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت