ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: یەدەگی بازرگانیی نەوت لە جیهاندا بە خێرایی کەم دەکات
وێستگەنیوز-
ئاژانسی نێودەوڵەتیی
وزە هۆشداریی دا لە کەمبوونی خێرای یەدەگی بازرگانیی نەوت لە سەرانسەری جیهاندا،
بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز.
فاتح بیرۆڵ، سەرۆکی
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لە یەدەگی ستراتیژیی
نەوتی حکومەتەکان لە جیهاندا، یەدەگی بازرگانی بەهۆی پەککەوتنی دابینکردنی نەوت لە
کەنداو، «زۆر بە خێرایی» ڕووی لە کەمبوون کردوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی
گەشتەکانی هاوینە، نیگەرانییەکان لەبارەی کەمیی سووتەمەنی زیادیان کردووە. هێڵە
ئاسمانییەکانیش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر پەککەوتنی دابینکردنی نەوت بەردەوام بێت،
لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی کەمیی سووتەمەنیی فڕۆکە دەبنەوە.
بیرۆڵ لەکاتی گەیشتنی
بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووپی حەوت (G7) لە
پاریس، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "یەدەگەکانی نەوت لە کەمبووندان... پێم
وایە ئێستا زۆر بە خێرایی بەرەو کۆتایی دەڕوات".
وتیشی، "ئێمە هێشتا
چەند هەفتەیەک دەرفەتمان لەبەردەمدایە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەو ڕاستییە بین کە یەدەگەکان
بە خێرایی کەم دەبنەوە."
لە دوای شەڕی ئەمریکا
و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاتوچۆ لە گەرووی هورمز — کە لە دۆخی ئاساییدا یەک لەسەر
پێنجی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت — سنووردار کرا. ئەم سنووردارکردنەش
تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش بەردەوام بووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی
وزە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە وڵاتان بە "خێراییەکی بێپێشینە" سەرقاڵی بەکارهێنانی
کۆگاکانی نەوت و یەدەگە ستراتیژییەکانی خۆیانن، چونکە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان
بە شەڕەکە بێئەنجام بوون.
PM:03:17:18/05/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت