بەهۆی ئۆپێرایەکەوە، چین شۆڕشێکی بهخۆیهوه بینی تێیدا ملیۆنان کەس گیانیان لەدەستدا
سەرچاوە: ئهلعهربییه نێت
نووسینی: تهها عهبدولناسر رهمهزان
وهرگێڕانی: وێستگهنیوز
لە ماوەی ساڵی 1949دا، جەنگی ناوخۆی چین، گۆڕانکارییەکی خێرای بەخۆیەوە بینی، گۆڕانكارییهك بووە هۆی سەرکهوتنی کۆمۆنیستەکان بەسەر ناسیۆنالیستهكاندا. لهو ڕۆژگارهدا و بە پاڵپشتی یهكێتی سۆڤیەت، کۆمۆنیستەکان بە سەرکردایەتی "ماو تسی تۆنگ"، لە بەرە جیاوازهكانی جەنگدا، سەرکەوتووبوون لە بەدەستهێنانی پێشڕەوی خێرا، بەمەش توانییان قۆناغ بە قۆناغ، ناسیۆنالیستهكان دەربکەن و ناسیۆنالیستهكان ههم پاشەکشەیان كرد و ههم کشانەوەیان بەرەو دوورگەی تایوان هەڵبژارد.
لەسەر خاکی چینی کیشوەری، ماو تسی تۆنگ، دامەزراندنی "کۆماری چینی میللی" ڕاگەیاند و لە تایوانیش ناسیۆنالیستهكان، لەدایکبوونی "کۆماری چین"یان ڕاگەیاند کە لەلایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە، پاڵپشتیكرا و دانی پێدانرا.
لە ماوەی حوکمڕانی و دهسهڵاتی ماو تسی تۆنگ دا، کۆماری چینی میللی، چەندین کارەسات و قەیرانی گهورهی بهخۆیهوه بینی، ههمو ئهوه، هاوکات بوو لەگەڵ بهكارهێنانی سیاسەتێکی سەرکوتکاری، سیاسهتێك له سهروبهندی ئهوهی پێیدهوترێت "شۆڕشی ڕۆشنبیری" كه لە ساڵی 1966دا دەستی پێکرد، گەیشتە لووتکە.
قەیرانی ئۆپێرا
لە نێوان ساڵانی 1965 و 1966دا، نمایشکردنی پارچە ئۆپێرایەک لە پەکین، دۆخێكی پڕ به شێوی و نائارامی هێنایه ئاراوه، هۆكاری ئهو دۆخه پڕ پهشێوی و نائارامییه، بەهۆی ئەوەوه بوو ئۆپێراكه، باسی لە بەرپرسێکی دەوڵەت دەکرد بە ناوی "های ڕوی/"Hai Rui ، ئهم بهرپرسه كاری بۆ بنەماڵەی "مینگ"ی فەرمانڕەوا دەکرد و خۆشەویستی و سۆزی جوتیارانیشی بەدەستهێنابوو، چونكه بهرگری لێدهكردن. هەروەها ئۆپێراكه باسی لەو ستەمانە دەکرد کە جوتیاران، لەسەر دەستی ڕژێمەکە چەشتبوویان و "های ڕوی" بە جۆرێک لە چاکسازیخواز و ڕزگارکەر وێنادهكرد.
جگە لەوەش، زۆر کەس ئەم ئۆپێرایەیان، وەک جۆرێک لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی ماو تسی تۆنگ و بەرنامەی "بازدانی گەورە بەرەو پێشەوە" دەبینی. ئهمه له كاتێكدا بوو، بهرنامهی بازدانی گهوره بهرهو پێشهوه، له چین و لە ماوهی كهمتر له چوار ساڵدا، دهیان ملیۆن قوربانی لێ كهوتبووهوه. هەروەها ئۆپۆزسیۆن، ژەنەراڵ "پێنگ دیهوا/ Peng Dehuai"یان بە کەسایەتی "های ڕوی" لە ئۆپێراکەدا دەشوبهاند، بەو پێیەی ئەم ژەنەراڵە، بە ئاشکرا ڕەخنەی لە سیاسەتی ماو تسی تۆنگ دهگرت، ئهمه پێش ئەوەی لەسەر کار لاببرێت و زیندانی بکرێت.
لەم نێوەندەدا، لایەنگرانی ماو تسی تۆنگ، زۆر بە توندی ڕەخنەیان لەم ئۆپێرایە گرت و بە بۆرژوازی وەسفیان کرد، تهنانهت خاوهنی ئۆپێراكه "وو هان/ "Wu Han یان بهوه تۆمەتبار کرد، بەهای دژ و ناكۆك بە بەهاکانی حیزب و وڵات بڵاودهكاتهوه. لێرهوه به ئومێدی ڕزگارکردنی بارودۆخەکە، سەرۆکی شارەوانی پەکین و سەرۆکی لیژنەی پارتی کۆمۆنیست لە پەکین "پێنگ ژین/"Peng Zhen دەستێوەردانیان کرد و هەوڵیاندا ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆره ڕەخنانە بكهن. هاوكات لە هەمان کاتدا، ههوڵیاندا لێشاوی ئەو بیرۆکانە رابرگن كه دهیانویست ئۆپێراکە، بە سیاسەتەکانی ماو تسی تۆنگ بەراورد بکەن.
ماو تسی تۆنگ، لای خۆیەوە، بە توندی ڕەخنەی لە پرۆسەی ڕێگریکردنی بەرپرسانی پارتەکەی لە پەکین گرت، بۆ سنووردارکردنی بڵاوكردنەوەی ڕەخنەکان و تۆمەتباری کردن بە شاردنەوەی ڕاستییەکان. بهم هۆیهوه، لە نێوان مانگەکانی ئازار و ئایاری 1966دا، چەندین کۆنفڕانس بەستران و تێیدا بەرپرسانی باڵای پارتی کۆمۆنیستی چین کۆبوونهوه، تاكو لهوێدا گهنگهشه و تاوتوێکردنی ئەم ئۆپێرایە و وەڵامدانەوەی ماو تسی تۆنگ بۆ ئۆپێراكه بكهن.
بەیاننامەی 16ی ئایار
لە کۆتاییەکانی نیسانی 1966دا، لیژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیست، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کۆتایهێنان بە کاری ئەو گروپه چالاکانەی پەکین کە پێشتر، کاریان لەسەر قەدەغەکردنی ئهو ڕەخنانه دهكرد كه ئاڕاستەی ئۆپێراکە دەکرا. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی پارتی کۆمۆنیست لە پەکین درا، ئهم لیژنهیه لهلایهن "پێنگ ژین" سەرکردایەتی دەکرا و له بهیاننامهدهدا، بە توندی ڕەخنە لە ڕۆڵی پێنگ ژین" گیرا لە ماوەی قەیڕانی ئۆپێراکەدا. دواتر لە ڕێگەی ئەوەی بە "بەیاننامەی ڕۆژی 16ی ئایار"ی ساڵی 1966 ناسراوە، لیژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیست، بە فەرمی قبوڵکردنی ههمو بڕیارەکانی پێشووی راگهیاند.
ئهم قبوڵكردنه، بەشداربوو لە پشتگیریکردنی ئاراستەکانی ماو تسی تۆنگ، بۆ ڕاوەدوونانی ئەوانەی لهو كاتهدا بە "تێکدەرانی بۆرژوازی" لە ناو جەرگەی بەرپرسانی باڵای دەوڵەت، پارت و سوپادا، وەسف دەکران. هەروەها پەنجەی تۆمەت بۆ چەندین بەرپرسی ڕۆشنبیری پارتەکە درێژکرا، بەوەی پڕوپاگهنده و ڕیکلام بۆ کلتووری بۆرژوازی دەکەن. لهو كاتهدا بەرپرسانی چین، جەختیان لەسەر گرنگی ئەنجامدانی پرۆسەیەکی پاکتاوکردن/تەطهیر کردەوە، بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانی وڵات، لە دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریاوە، بۆ دیکتاتۆرییەتی بۆرژوازی.
لێرهوه بهیاننامهی 16ی ئایار، بووە پریشکی دەستپێکردنی ئەوەی بە "شۆڕشی ڕۆشنبیری" ناسراوە، شۆڕشێك ماو تسی تۆنگ، له پێناو لەناوبردنی سەرجەم نەیارەکانی لە وڵاتدا، بهوپهڕی پەرۆشییهوه چاوەڕێی دەکرد. ئەم شۆڕشە ڕۆشنبیرییە، تا کاتی کۆچی دوایی ماو تسی تۆنگ، لە ساڵی 1976، بەردەوام بوو و بووە هۆی كوژرانی ملیۆنان كهس.
PM:01:48:18/05/2026
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت