سەڵاحەدین بەهادین: باشترین رێگە رێککەوتنی پارتی و یەکێتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ شەممە 6ی حوزەیرانی 2026، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دێڵفی لە شاری سلێمانی، تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی هەرێم و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و رایگەیاند، باشترین رێگەچارە بۆ ئەم قۆناغە ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت بگەنە رێککەوتن.


ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئاماژەی بە پرسی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن کرد و وتی: "دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتا رێگەچارەیە، چونکە هەڵبژاردنیش ئامانی نییە و نازانرێت ئەنجامەکەی بە چ ئاراستەیەکدا دەشکێتەوە".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەڵاحەدین بەهادین باسی لەوە کرد کە متمانە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا نەماوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ناکرێت ئەم دۆخە تا قیامەت بەردەوام بێت و پێویستە رێزی مێژوو و داهاتووی نەوەکان بگرن.

ناوبراو دەستپێشخەرییەکانی حزبەکەی بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان ئاشکرا کرد و وتی، "ئێمە بە ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیی خۆمان زانی کە قسەیەکی خێر لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بکەین، خۆشبەختانە هەردوولا پێشنیازەکانی ئێمەیان پێ باش بوو".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەییەک بۆ پێکهێنانی حکومەت لای لایەنەکان دروست بووە، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بە کات و ئامادەسازی زیاتر هەیە، هەروەها داوای لە میدیاکان و کەسایەتییە سیاسییەکان کرد کە لەم قۆناغەدا قسەی خێر بکەن، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی تایبەت و هەستیاردا تێدەپەڕێت.


PM:06:14:06/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو