شۆڕشێکی نوێ لە جیهانی چێشتلێنان و گەڕانەوە بۆ خواردنە ڕووەکییەکان
وێستگە ستایل-
شۆڕشێکی نوێ لە جیهانی چێشتلێنان و گەڕانەوە بۆ خواردنە ڕووەکییەکان
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
ماڵپەڕی بی بی سی کەلتور لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی گەورە و
جەوهەری دەکات لە چێشتخانە بەناوبانگەکانی جیهاندا، کە تێیدا تێڕوانینی مرۆڤ بۆ
خواردن لە چێژێکی کاتییەوە گۆڕاوە بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستی لە ڕێگەی پێکهاتە
سروشتییەکانەوە.
ئەم شێوازە نوێیەی کە ناوی "خۆراکی هۆشیار"ی لێنراوە، هانی خەڵک دەدات دووربکەونەوە
لە بەکارهێنانی گۆشتی دەستکرد و ئەو خۆراکانەی پرۆسێس کراون، لەبری ئەوە جەخت لەسەر
گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی دانەوێڵە کۆنەکان و دانەوێڵە تەواوەکان دەکاتەوە کە
بەهایەکی خۆراکی زۆریان هەیە.
چێفە نێودەوڵەتییەکان و خاوەن چێشتخانە گەورەکان ئێستا زیاتر کار لەسەر ئەو سەوزە و
بەرهەمانە دەکەن کە بە شێوازی ئۆرگانیک و لە کێڵگە ناوخۆییەکاندا بەرهەم دەهێنرێن،
بێ ئەوەی پەینی کیمیایی یان ماددەی قڕکەریان تێدا بەکارهێنرابێت، ئەمەش تام و
کوالێتییەکی جیاواز دەبەخشێت بە خواردنەکان.
ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە لە کاتێکدایە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا جیهان
بەدەست کێشەی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی شەکرە و پەستانی خوێنەوە دەیناڵاند، کە
هۆکارەکەی زۆری خواردنە خێراکان و ئەو ماددە پارێزەرانە بوو کە دەخرانە ناو
بەرهەمە پیشەسازییەکانەوە.
پسپۆڕانی خۆراک پێشبینی ئەوە دەکەن کە لە ساڵانی داهاتوودا چەمکی خواردن بە تەواوی
لەلای مرۆڤەکان بگۆڕێت، بە شێوەیەک کە تاکەکان زیاتر بەدوای بەهای خۆراکی و
ڤیتامینەکاندا بگەڕێن نەک تەنها تێرکردنی ئارەزوویەکی کاتی، ئەمەش دەبێتە
هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی تەندروستتر.
BBC Culture Food Section
PM:09:40:08/06/2026
ئهم بابهته 64
جار خوێنراوهتهوه