‌توێژینەوەیەکی حەوت ساڵە: چالاکیی جەستەیی دابەزینی تواناکانی تووشبووانی پارکینسۆن خاو دەکاتەوە

وێستگە ستایل-

توێژینەوەیەکی حەوت ساڵە: چالاکیی جەستەیی دابەزینی تواناکانی تووشبووانی پارکینسۆن خاو دەکاتەوە


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


توێژینەوەیەکی پزیشکیی درێژخایەن ئاشکرای دەکات ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی پارکینسۆن بوون و چالاکیی جەستەیی بەردەوامیان هەیە، تواناکانی بیرەوەری، بیرکردنەوە و جووڵەیان بە خێراییەکی کەمتر بەرەو دابەزین دەچێت.


ئەم دەرەنجامە پزیشکییە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە گۆڤاری زانستیی (Neurology) بڵاوکرایەوە و سەرنجی ناوەندە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ لای گرنگیی وەرزش لە نەخۆشییە دەمارییەکاندا ڕاکێشا.


توێژینەوەکە بۆ ماوەی حەوت ساڵ چاودێریی ٢٩٤ کەسی تووشبووی بە قۆناغی سووک تا مامناوەندی پارکینسۆن کردووە، دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی زیاتر لە هەشت کاتژمێر لە هەفتەیەکدا وەرزش و جووڵەیان ئەنجامداوە، نزیکەی هیچ دابەزینێکیان لە تاقیکردنەوەکانی پەیوەست بە کارکردنی مێشکدا تۆمار نەکردووە.


نەخۆشیی پارکینسۆن نەخۆشییەکی دەماریی پێشکەوتووە کە بە تێپەڕبوونی کات کار لە دەمارەکانی مێشک دەکات و دەبێتە هۆی لەرزین، ڕەقبوونی ماسوولکەکان و کەمبوونەوەی توانای مەعریفی و بیرکردنەوە.


هەرچەندە توێژینەوەکە پەیوەندیی نێوان وەرزش و خاوبوونەوەی نیشانەکانی سەلماندووە نەک ئەوەی وەرزش بە تەواوی ڕێگری لە نەخۆشییەکە بکات، بەڵام بەڵگەیەکی بەهێزە کە دەریدەخات دەستنیشانکردنی بەرنامەی وەرزشیی گونجاو پێویستییەکی گرنگە بۆ پاراستنی تواناکانی تووشبووان.


ساینس دەیلی / نیورۆلۆجی


PM:11:13:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل