شۆڕشێکی نوێ لە چارەسەری تیشکیدا؛ تەکنیکێکی نوێ هیوای لەناوچوونی شێرپەنجە بە نەخۆشان دەبەخشێت
وێستگە ستایل-
شۆڕشێکی نوێ لە چارەسەری تیشکیدا؛ تەکنیکێکی نوێ هیوای لەناوچوونی شێرپەنجە بە نەخۆشان دەبەخشێت
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
توێژەرانی نەخۆشخانەی مایۆکلینیکی ئەمریکی لە ڕێگەی دۆزینەوەی تەکنیکێکی نوێی چارەسەری تیشکییەوە، ئومێدێکی گەورەیان بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دروست کردووە، کە نەک تەنیا کاریگەرییەکەی زۆر زیاترە لە ڕێگە باوەکان، بەڵکو زیانە لاوەکییەکانیشی بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە.
ئەم تەکنیکە پێشکەوتووە بە "تیشکدانی مینیبیم" ناسراوە؛ جیاوازییە بنەڕەتییەکەی لەوەدایە لەبری ئەوەی یەک تیشکی گەورە و بەرفراوان ئاراستەی شوێنی نەخۆشییەکە بکرێت، چەندین تیشکی زۆر باریک بەڵام خاوەن وزەیەکی بەهێز بەکاردەهێنرێن، بەجۆرێک ڕاستەوخۆ لە ناوەندی گرێ شێرپەنجەییەکە دەدەن و خانە تەندروستەکانی دەوروبەری گرێکە لە مەترسی و سووتان دەپارێزن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی مایۆکلینیک، لە هەر ١٠٠ نەخۆش کە ئەم چارەسەرەیان وەرگرتووە، ٨٦ کەسیان هەستیان بە باشتربوونێکی بەرچاو کردووە. لەسەر ئاستی لەناوبردنی گرێکانیش، لە کۆی ٤٠ گرێ، نزیکەی ٩ دانەیان بە تەواوەتی لەناوچوون و ١٠ گرێی تریش بە ڕێژەیەکی بەرچاو بچووک بوونەتەوە. هاوکات جیاوازییەکی تری گەورەی ئەم تەکنیکە لە ماوەکەیدایە، چونکە تەنیا لە ٢ بۆ ٣ دانیشتندا چارەسەرەکە تەواو دەبێت، لە کاتێکدا ڕێگە تەقلیدییەکان پێویستیان بە ١٠ بۆ ٣٠ دانیشتن هەبوو.
لە چارەسەرە تیشکییە باوەکانی ڕابردوودا، یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگ و نیگەرانییەکان ئەوە بوو کە لە کاتی لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان، بەشێکی زۆر لە خانە و شانە تەندروستەکانی جەستەش زیانی گەورەیان بەردەکەوت و نەخۆش بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕ دەبوو، بەڵام ئەم پەرەپێدانە نوێیە ڕێگە لەو زیانە لاوەکییە گەورانە دەگرێت و توانای تیشکەکە بۆ لەناوبردنی گرێ چڕ دەکاتەوە.
د. رۆبەرت موتەر، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی پشکنینەکاندا تێبینیی ئەوەیان کردووە تەنانەت ئەو گرێیانەی ڕاستەوخۆ چارەسەریشیان وەرنەگرتبوو، وەڵامدانەوەی ئەرێنییان هەبووە؛ ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی چارەسەرەکە تەنیا کار لەسەر ئەو شوێنە ناکات کە تیشکەکەی بەرکەوتووە، بەڵکو سیستمی بەرگریی لەش بە گشتی بەهێز دەکات بۆ ئەوەی لە هەموو جەستەدا ڕووبەڕووی خانە شێرپەنجەییەکان ببێتەوە.
سەرچاوە: مایۆکلینیک (Mayo Clinic)
PM:12:27:19/09/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه