‌تەندروستیی جیهانی هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی چارەسەری نەخۆشیی داسی بۆ منداڵان فراوانتر دەکات

وێستگە ستایل-

تەندروستیی جیهانی هەوڵەکانی بۆ باشترکردنی چارەسەری نەخۆشیی داسی بۆ منداڵان فراوانتر دەکات


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەوڵەکانی زیاتر دەکات بۆ باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەستنیشانکردن، چارەسەر و دەرمانی گونجاو بۆ ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی بەدەست نەخۆشیی کەمخوێنیی داسی (Sickle Cell)ـەوە دەناڵێنن.


نەخۆشیی داسی یەکێکە لە باوترین تێکچوونە بۆماوەییەکانی خوێن لە جیهاندا و دەبێتە هۆی کەمخوێنیی توند، ئازار، هەوکردن و زیانگەیاندن بە ئەندامەکانی جەستە، بەتایبەت منداڵانی وڵاتانی کەمداهات و مامناوەند بەهۆی نەبوونی دەرفەتی یەکسانەوە زیانی زۆریان پێدەگات.


ڕێکخراوەکە لە ١ی ئەیلولدا بڵاویکردەوە کە نەخۆشیی داسی هۆکار بووە بۆ گیانلەدەستدانی نزیکەی ٨١،١٠٠ منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ لە ساڵی ٢٠٢١دا، هەروەها نزیکەی ٨٠٪ی حاڵەتەکان لە وڵاتانی ئەفریقای باشووری بیابان تۆمارکراون، هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ئاسیا و ئەمریکای لاتینیش بوونی هەیە.


یەکێک لە لەپێشینە سەرەکییەکان بریتییە لە فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانی هایدرۆکسی یوریا (hydroxyurea)، کە دەتوانێت لێکەوتە مەترسیدارەکانی نەخۆشییەکە کەم بکاتەوە، هەروەها ڕێکخراوەکە پێشنیازی کردووە ئەم دەرمانە بۆ منداڵان لە تەمەنی نۆ مانگی تا ١٩ ساڵی بەکاربهێنرێت.


ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوکات کار لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو شێوازە دەرمانانە دەکات کە خواردنیان بۆ منداڵ ئاسان بێت و ڕێگە بدات بەپێی کێشی لەشیان بڕی دەرمانەکە دیاری بکرێت.


ئەم هەنگاوە دەریدەخات کە پەرەپێدانی دەرمانسازی هاوشانی توێژینەوەی پزیشکی گرنگە؛ چونکە بوونی دەرمانی کاریگەر بەس نییە ئەگەر منداڵان نەتوانن بە ئاسانی، بە نرخیbگونجاو و بە پارێزراوی دەستیان پێی بگات.


(ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی)


PM:10:53:14/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل