‌گرنگترین ژەمە خۆراکەکان بۆ خانمای دوای منداڵبوون؛ چۆن وزە و ڤیتامینەکانت بۆ دەگەڕێتەوە؟

وێستگە ستایل-

گرنگترین ژەمە خۆراکەکان بۆ خانمای دوای منداڵبوون؛ چۆن وزە و ڤیتامینەکانت بۆ دەگەڕێتەوە؟


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


قۆناغی دوای منداڵبوون یەکێکە لە هەستیارترین کاتەکان بۆ دایکان، چونکە جەستە بڕێکی

زۆر لە وزە، ڤیتامین و ماددە کانزاییەکانی لەدەستداوە. لەم بارەیەوە، کۆمەڵەی خۆراک

لە سوێد بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی تەندروستی خانمان لە ئەمریکا (SWHR)، لیستێکی

تایبەتیان لەو خۆراکانە ئاشکرا کردووە کە پێویستە دایکان بیخۆن بۆ ئەوەی بە

خێرایی هێزی جەستەیان بۆ بگەڕێتەوە و توانای شیردانیان باشتر بێت.


لە سەرووی لیستی پێشنیازەکاندا "شۆربای مریشک" دێت، کە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ، پڕۆتین

و ماددە کانزاییەکان، هەروەها بڕێک کاربۆهیدراتی تێدایە کە یارمەتی گەڕانەوەی وزە

دەدات. هەروەها "بسکویتی سوێر و ماستاوی سوێر" وەک ژەمێکی سوک ئاماژەیان پێکراوە،

چونکە بڕێکی باش لە ئەلیکترۆلایتەکان و کاربۆهیدراتی تێدایە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ

ئەو دایکانەی تووشی سەرگێژخووردن یان دابەزینی پەستانی خوێن دەبن دوای

منداڵبوون.


بۆ زیادکردنی شیری دایک و دابینکردنی وزەی خێرا، "خورما" باشترین بژاردەیە، چونکە

بڕێکی زۆر کاربۆهیدراتی بەسوودی تێدایە. هەروەها تێکەڵەی "شۆفان و میوە"

یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ چالاککردنی ڕیخۆڵەکان و ڕێگریکردن لە قەبزی، کە

کێشەیەکی باوی دوای منداڵبوونە. گۆشتی سوور و هێلکەش وەک دوو سەرچاوەی سەرەکی

پڕۆتین پێشنیاز دەکرێن؛ گۆشتی سوور هێز بە جەستە دەبەخشێت و هێلکەش ماندوویێتی

و شەکەتی کەم دەکاتەوە و ئازاری منداڵدان دوای پڕۆسەی منداڵبوون سووک دەکات.


پزیشکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خۆراکی دروست تەنها بۆ دایکەکە گرنگ نییە،

بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی کۆرپەلەکەش هەیە لە ڕێگەی شیرەوە.

خواردنی ئەم ١٢ جۆرە خۆراکە دەبێتە هۆی کۆتایهێنان بە کێشەی کەمیی شیر و

دڵنیایی دەدات کە منداڵەکە هەموو سوودە تەندروستییەکانی شیری دایکی پێدەگات.


بایەخدان بەم ژەمە خۆراکییانە و دوورکەوتنەوە لە خواردنی خێرا و ناتەندروست، کلیلی

سەرەکییە بۆ ئەوەی دایکەکە بە کەمترین کات بگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی و

بتوانێت بە تەندروستییەکی باشەوە ئەرکەکانی دایكایەتی جێبەجێ بکات.


سەرچاوە: کۆمەڵەی تەندروستی خانمان لە ئەمریکا (SWHR) و کۆمەڵەی خۆراکی سوێدی



PM:10:13:05/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل