پسپۆرێکی خۆراک هۆشداری لە جۆرێکی دیاریکراوی گۆشت دەدات و پەیوەندی نێوان خواردنی ئەو گۆشتانە و تووشبوون بە شێرپەنجە ئاشکرا دەکات.
وێستگە ستایل-
پسپۆرێکی خۆراک هۆشداری لە جۆرێکی دیاریکراوی گۆشت دەدات و پەیوەندی نێوان خواردنی ئەو گۆشتانە و تووشبوون بە شێرپەنجە ئاشکرا دەکات.
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
لە نوێترین هۆشداری تەندروستیدا، پسپۆرێکی بواری خۆراک باس لە مەترسییەکانی بەشێک لەو گۆشتانە دەکات کە ڕۆژانە لە ژەمەکاندا بەکاردەهێنرێن و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوورکەوتنەوە لێیان هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی جەستە لە نەخۆشییە کوشندەکان، بەتایبەتی شێرپەنجە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
نیکۆڵ، کە پسپۆڕێکی ناسراوی بواری خۆراکە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک، تیشکی خستە سەر ئەو جۆرە گۆشتانەی کە پێویستە مرۆڤ بە تەواوی لە ژەمە خۆراکییەکانیاندا دووریان بخاتەوە. ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم هۆشدارییە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونە بەو جۆرە شێرپەنجانەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە سیستەمی هەرس و جۆری خۆراکەوە هەیە.
بە گوتەی نیکۆڵ، گۆشتە ئامادەکراوەکان (وەک سوسیس، کالباس، هەمبەرگەر و گۆشتە قوتووەکان) گەورەترین مەترسین بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، چونکە ئەم جۆرە گۆشتانە لە کاتی پیشەسازی کردنیاندا بڕێکی زۆر ماددەی پارێزەر و کیمیاییان تێدەکرێت بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ بمێننەوە. خواردنی ئەم گۆشتانە بە ڕێژەیەکی زۆر، زیانی گەورە بە خانەکانی جەستە دەگەیەنێت و بەتایبەتی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵە زیاد دەکات، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجە.
ئەم زانیارییانە تەنها ڕای کەسی نین، بەڵکو توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە لە وڵاتی بەریتانیا ئەنجامدراوە، بە وردی پەیوەندی نێوان گۆشتە ئامادەکراوەکان و شێرپەنجەی سەلماندووە. لە توێژینەوەکەدا هاتووە کە کاریگەرییە خراپەکانی گۆشتی ئامادەکراو لەسەر جەستە، هاوشێوەی کاریگەرییەکانی تووتن (جگەرە) و خواردنەوە کهولییەکانە، بەو پێیەی هەموویان دەبنە هۆی تێکچوونی ترشی ناوکی (DNA) لە خانەکانی جەستەدا و گەشەکردنی وەرەمە شێرپەنجەییەکان خێرا دەکەن.
بۆ خۆپاراستن لەم مەترسییانە، نیکۆڵ ڕێنمایی هاوڵاتییان دەکات کە پەنا ببەنە بەر خواردنی گۆشتی تازەی ئاژەڵ و باڵندەکان. ئەو جەختی کردەوە کە گۆشتی تازە ئەگەر بە بڕێکی گونجاو و تەندروست بخورێت، سوودی بۆ جەستە دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ماسی و مریشکی فرێش بە باشترین و تەندروستترین جێگرەوە دادەنرێن کە مرۆڤ دەتوانێت وەک سەرچاوەی پڕۆتین لە ژەمەکانیدا بەکاریان بهێنێت بەبێ ئەوەی ترسی لە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان هەبێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی تەندروستی بەریتانیا و هەژماری فەرمی پسپۆڕی خۆراک نیکۆڵ لە تیک تۆک.
PM:04:53:01/02/2026
ئهم بابهته 48
جار خوێنراوهتهوه