تەلەسکۆپی ئەلما وردترین وێنەی جیهانی لە ناوەندی پڕ
لە گێژاوی گەلەئەستێرەی ڕێگای شیری تۆمار کرد
وێستگە ستایل-
تەلەسکۆپی ئەلما وردترین وێنەی جیهانی لە ناوەندی پڕ
لە گێژاوی گەلەئەستێرەی ڕێگای شیری تۆمار کرد
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
کۆمەڵێک لە گەردوونناسان بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی (ALMA) لە چیلی، توانییان گەورەترین و وردترین وێنەی موزاییکی لە ناوەندی گەلەئەستێرەکەمان دروست بکەن، کە تێیدا دیمەنی دەگمەن و بێپێشینەی ناوچە توندەکانی دەوروبەری کونی ڕەشی زەبەلاحی گەلەئەستێرەکە دەردەکەون.
ئەم وێنە نوێیە کە ئەنجامی پڕۆژەیەکی گەورەی ڕووپێوییە بە ناوی (ACES)، ناوچەیەکی بەرفراوان دەگرێتەوە کە زیاتر لە 650 ساڵی ڕووناكی درێژ دەبێتەوە، ئەم دیمەنە تیشک دەخاتە سەر تۆڕێکی ئاڵۆز لە گازە ساردەکان کە وەک کەرەستەی خاو بۆ دروستبوونی ئەستێرە نوێیەکان کار دەکەن.
ئەو ناوچەیەی وێنەکە گرتوویەتی، ئەگەر لە ئاسمانی شەودا بە چاو ببینرایە، قەبارەکەی هێندەی سێ مانگی پڕ دەبوو کە لە تەنیشت یەک بن، تەلەسکۆپی ئەلما بەهۆی توانای بینینی تیشکە میلیمیەترییەکانەوە توانیویەتی بە ناو تۆز و غوباری چڕی ناوەندی گەلەئەستێرەکەدا تێپەڕێت و وردەکارییەکانمان بۆ دەربخات.
ئەم ناوچەیە کە بە ناوچەی مۆلیکولە ناوەندییەکان ناسراوە، جیاواز لە دەوروبەری کۆمەڵەی خۆر، شوێنی گەورەترین ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەکەیە کە تەمەنیان کورتە و بە تەقینەوەی "سۆپەرنۆڤا"ی بەهێز کۆتاییان دێت، هەروەها دەیان مۆلیکولی کیمیایی ئاڵۆزی وەک میسانۆڵ و ئەسیتۆنی تێدا دۆزراوەتەوە.
ئەم ڕووپێوییە یارمەتی زاناکان دەدات تێبگەن چۆن دیاردە توندەکان کار دەکەنە سەر لەدایکبوونی ئەستێرەکان و ئایا تیۆرییەکانی ئێستا بۆ دروستبوونی ئەستێرە لە ژینگەیەکی ئاڵۆزی وەک ناوەندی گەلەئەستێرەدا ڕاستن یان نا، کە ئەمەش سەردەمێکی نوێ لە تێگەیشتنی گەردوونناسی دەستپێدەکات.
سەرچاوە:
ئۆبزەرفاتۆری (ALMA)
PM:11:23:02/03/2026
ئهم بابهته 16
جار خوێنراوهتهوه