میوانێکی نامۆ لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە گەیشتە نزیک زەوی
وێستگە ستایل-
میوانێکی نامۆ لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە گەیشتە نزیک زەوی
وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان
میوانێکی دەگمەن و نامۆ لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆمەڵەی خۆرەوە، کە بە کومیتی "3I/ATLAS" ناسراوە، سەرنجی هەموو ڕوانگە فەلەکییەکانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم کەمیتە (ئەستێرەی کلکدار) دوای بڕینی مەودایەکی خەیاڵی و دوور، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتە نزیکترین خاڵ لە هەسارەی زەوی و دەرفەتێکی زێڕینی بۆ زاناکان ڕەخساند تا بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوە لە ماددەی کۆمەڵە ئەستێرەیەکی تر بکەن.
هەرچەندە کومیتەکە لە مەودایەکی سەلامەتەوە تێپەڕی کە نزیکەی ١٦٨ ملیۆن میل لە زەوییەوە دوور بوو، بەڵام ڕەچەڵەکەکەی کە سەر بە سیستەمی ئێمە نییە، وایکردووە ببێتە گرنگترین بابەتی زانستی. زاناکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم تەنەوە ئاشنای ئەو ماددانە بن کە لە سیستەمە ئەستێرەییەکانی تردا هەن، ئەمەش وەک ئەوە وایە نمونەیەکی تاقیگەییمان لە قووڵایی گەردوونەوە بۆ هاتبێت تاوەکو لێی بکۆڵینەوە.
ئەم تەنە ئاسمانییە لە تەمموزی ٢٠٢٥ دۆزرایەوە و بە قەبارە گەورە و سەرسوڕهێنەرەکەی دەناسرێتەوە، کە کێشەکەی بە زیاتر لە ٣٣ ملیار تۆن مەزەندە دەکرێت. ناوکێکی سەهۆڵینی ڕەنگ شینباوی هەیە کە بە پەڵەیەکی گازی و تۆزاوی دەورەدراوە. کەشتی ئاسمانی "Europa Clipper"ی سەر بە ناسا توانیویەتی وێنەی زۆر ورد و لێکۆڵینەوەی کیمیایی ورد بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەم کومیتە نامۆیە ئەنجام بدات.
ئەمە تەنها سێیەم تەنە کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرەوە بێت و لەلایەن مرۆڤەوە لە مێژوودا ببینرێت، دوای هەردوو تەنی "Oumuamua" و "Borisov" کە لە سەرەتای ئەم دەەیەدا دۆزرانەوە. بینینی 3I/ATLAS زانیاری دەگمەن دەربارەی پێکهاتە سەرەکییەکانی ژینگەکانی تری گەردوون دەدات کە جیاوازن لەوەی لای خۆمان هەیە. پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا ئەم کومیتە بگاتە نزیک هەسارەی موشتەری.
لە کاتێکدا هەندێک تیۆری سەیر و خەیاڵی دەربارەی ڕەچەڵەکی ئەم تەنە بڵاوکرانەوە، بەڵام زاناکان لەسەر ئەوە هاوڕان کە ڕەفتارەکانی هاوشێوەی فیزیا و سروشتی کومیتە ئاساییەکانە. بەڵام هێشتا ڕەسەنایەتییە "بێگانە"کەی وای لێدەکات ببێتە خەزێنەیەکی زانیاری مێژوویی بۆ ئەو توێژەرانەی دەیانەوێت تێبگەن چی لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆمەڵەی خۆر و لە ناو گەلەئەستێرەدا دەگوزەرێت.
کومیتی 'بێگانە' 3I/ATLAS بە لای زەویدا تێپەڕ دەبێت و بەرەو موشتەری دەچێت
سەرچاوە : ماڵپەڕی Chron.com
PM:08:42:27/12/2025
ئهم بابهته 44
جار خوێنراوهتهوه