‌شەهرام عەلیدی دەبێتە ئەندامی لیژنەی داوەریی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی لە دوبەی

وێستگە ستایل-

شەهرام عەلیدی دەبێتە ئەندامی لیژنەی داوەریی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی لە دوبەی


وێستگە ستایل - سۆلین عوسمان


لە دەستکەوتێکی نوێدا بۆ سینەمای کوردی، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی ناسراوی کورد «شەهرام عەلیدی» وەک ئەندامی لیژنەی داوەریی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی لە دوبەی هەڵبژێردرا، کە بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەستپێبکات.


فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی دوبەی، لە ١ تا ٧ی شوبات بەڕێوەدەچێت و لەلایەن سەکۆی

(MovieDom)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت. فێستیڤاڵەکە بەرهەمە دیارەکانی سینەمای ئاسیا، هیندستان و ئیمارات لەخۆدەگرێت و پردێک لە نێوان سینەمای باو و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا بنیاد دەنێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی بەهرەی نوێ و پێشخستنی ژینگەیەکی سینەمایی کۆمەڵگەیی لە ناوچەکەدا.


لە خولی دەستپێکی ئەم فێستیڤاڵەدا، شەهرام عەلیدی هاوشانی ١٠ کەسایەتیی دیار و ناسراوی سینەمای ئاسیا ئەرکی داوەری لە ئەستۆ دەگرێت، کە تیایدا فیلمە هەڵبژێردراوەکان هەڵدەسەنگێنن و ناونیشانە شایستەکان بۆ وەرگرتنی خەڵات و ڕێزلێنان دەستنیشان دەکەن.


شەهرام عەلیدی، لەدایکبووی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تارانە؛ لە پاریس نیشتەجێیە و وەک دەرهێنەر، نووسەری سکرینپلەی و شێوەکار ناوبانگی دەرکردووە و لە ئێستاشدا بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانییە. کورتەفیلم و بەرهەمەکانی عەلیدی براوەی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتین، لەوانەش فیلمەکانی «سرتە لەگەڵ با»، «یادەوەرییەکانی ئەسپی ڕەش»، «دوایین گوندی نەژمێردراو»، «مامڵێ» و «شێرکۆ بێکەس».


بەشداریکردنی ئەم سینەماکارە کوردە لە فێستیڤاڵەکەدا گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، چونکە جگە لە دیاریکردنی ناسنامەی هونەریی خولەکانی داهاتوو، سینەمای کوردی دەخاتە هاوئاستی سینەما پێشەنگەکانی کیشوەرەکە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بەستنەوەی کادرە سینەماییەکانی کوردستان و عێراق بە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێنان لە کەنداو و ئاسیادا.


فێستیڤاڵی فیلمی ئاسیایی دوبەی (DAFF) / پلاتفۆرمی MovieDom


PM:07:05:22/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

ستایل